کوژرانی سالار ڕەنگ ئامیز، جاش و ئەندامی سوپای پاسداران لە شاری سنە
هەنگاو؛ شەممە ۱۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی سالار ڕەنگ ئامیز لە شەقامی مەردووخی شاری سنە لە لایەن کەسانی نەناسراو کوژرا. ڕێکخستنی «خۆری هیوا» بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتیی کوژرانی ناوبراوی لەئەستۆ گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانیی ڕۆژی شەممە ۱۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۸ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، سالار ڕەنگ ئامیز، خەڵکی شاری سنە و لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە شەقامی مەردووخی ئەو شارە، لەبەردم ماڵەکەی خۆیدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و کوژرا.
ڕێکخستنی «خۆری هیوا» بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەیەکی فەرمی ڕایگەیاندووە کە کوژرانی ناوبراو بە هاوکاریی گرووپێک لە هێزەکانی پەیوەندیدار بە خۆیەوە لە شاری سنە ئەنجام دراوە.
خۆری هیوا لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا، سالار ڕەنگ ئامیزی بە «ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە سەرکوت، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی خۆپیشاندەران لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی»، «هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکان لە بڵاوکردنەوەی ڕێکخراوانەی ماددەی هۆشبەر» و «ئاژاوەگێڕی و ئازاری هاووڵاتییان» تۆمەتبار کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، میدیا فەرمییەکانی حکومەت و ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بەو بابەتە هەواڵێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.