کوژرانی مەهدی تەوەکولی، چالاکی فەرهەنگی کورد و دوو ئەندامی بنەماڵەکەی لە ڕێگەی مەریوان - بانه بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٥ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٨:٠٧

هەنگاو؛ دووشەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

لە ڕەوتی پەلامارێکی چەکداری و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕێگەی مەریوان بۆ بانه، مەهدی تەوەکولی، چالاکی فەرهەنگی و هونەری، بەڕێوەبەری ماڵی وێنەگرانی کوردستان و دامەزرێنەری ماڵی هونەریی «چاو» و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەگەڵ دایکی بەناوی مریەم ئەسلانی و خوشکی بە ناوی سومەیە تەوەکولی درانە بەر دەستڕێژی گلولە و گیانیان لەدەست دا. تەرمی ئەم سێ هاووڵاتییە لەژێر ڕێکارە توندە ئەمنییەکاندا لە سنە بە خاک سپێردرا.

هاوكات لەگەڵ گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووان، ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان ا کوژرانی ئەم چالاکە فەرهەنگییەیان لەگەڵ دوو ئەندامی بنەماڵەکەی ژێر ناوی کەسانی چەکدار و ئەندامانی حیزبێکی کوردستانی ڕووماڵ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرته گەیشتوو و پشت ڕاستکردەنەوەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە: پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۶ی جوولای ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئۆتۆمبێلی تایبەتیی مەهدی تەوەکولی (لە جۆری سەمەند)یان لە ڕیگەی مەریوان بۆ بانه داوەتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆیی گوللە. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، مەهدی تەوەکولی بە بەركەوتنی ۳ فیشەک، مریەم ئەسلانی بە بەركەوتنی ۲ فیشەک و خوشکی بە ناوی سومەیە تەوەکولی بە بەرکەوتنی چەندین فیشەک (بە شێوەیەک کە دەموچاوی بە تەواوی تێکچووبوو) گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، تەرمی گیانبەختکردووان سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانه و پاشان لەژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتی سوپادا بۆ سنە گواسترایەوە. تەرمی ئەم سێ هاووڵاتییە ئەمڕۆ دووشەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ لەژێر کەشێکی توندی ئەمنیدا لە گۆڕستانی «بەهەشتی محەممەدی»ی سنە بە خاک سپێردرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی تەوەکولی لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ئۆرگانە حکوومەتییەکان بنەماڵەی تەوەکولییان خستووەتە ژێر گوشارەوە تا لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە خۆ بەدور بگرن و ڕابگەیەنن کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە".

هاوکات، وتەبێژی فراجا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئۆتۆمبێلێکی سەمەندی هەڵگری ئەندامانی پژاک لە سەنۆری بانه لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەدا کراوەتە ئامانج و چوار ئەندامی ئەو حیزبە کوژراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدعاکانی ئۆرگانە ئەمنییەکان و شەرمەزارکردنی ئەم تاوانە، داوای کاردانەوەی بەپەلەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان و وەڵامدەرکردنەوەی بکەرانی ئەم تێرۆرە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە