مەهاباد؛ کوژرانی عومەر دێهقان جاش و ئەندامی چەکداری سوپای پاسداران
هەنگاو؛ شەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
یەکێک لە جاشەکان و ئەندامانی چەکداری سوپای پاسداران لە شاری مەهاباد بە ناوی عومەر دێهقان لە گوندی «گاگەشی خواروو»ی سەر بەم شاری کوژرا. ڕێکخستنی «خۆری هیوا» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی بەرپەرسیارێتیی ئەم ئۆپەرسیۆنەی گرتووەتە ئەستۆ.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٥ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، عومەر دێهقان خەڵکی گوندی «گاگەشی خواروو»ی سەر بە مەهاباد لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا کوژرا. ناوبراو ماوەی ٧ ساڵ بوو وەک ئەندامێکی چەکداری سوپای پاسداران لە پایگای سوپای ئەم گوندەدا چالاکیی دەکرد.
ڕێکخستنی «خۆری هیوا» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی وەئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ناوبراو ڕۆڵێکی تێکدەرانەی لە ئازار و ئەشکەنجەی دانیشتووانی ناوچەکەدا هەبووە و ئاگادارکردنەوەکانی پێشووی بە جدی وەرنەگرتبوو.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حکوومەت و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان لە مەهاباد لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
چەند کاتژمێر پێشتر ڕێکخستنی خۆری هیوا کوژرانی ئەندامێکی دیکەی سوپا بە ناوی سالار ڕەنگئامێزی لە شاری سنە بە فەرمی ئەستۆ گرتبوو.