هۆشداریی هەنگاو سەبارەت بە مەترسیی جددیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی مەزهەبیی کورد

١٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٠:٢٢

هەنگاو؛ هەینی ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

خەسرەو بەشارەت و کامران شێخە، دوو بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد مەترسیی جددیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەیان لەسەرە. لەم دوایییانەدا بە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە کە هاودۆسیەن ڕاگەیەندراوە کە سزای سێدارەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گیانی خەسرەو بەشارەت و کامران شێخە، بەندکراوانی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد کە پێنج کەس لەو کەسانەی هاودۆسیەییان بوون، بە تۆمەتی هاوشێوە لە سێدارە دران، لە مەترسیدایە و ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆرە.

هەنگاو لە ڕێگەی سەرچاوەکانی خۆیەوە ئاگادار کراوەتەوە کە، خەسرەو بەشارەت هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدرانی، ئەنوەر خزری یەکێکی دیکە لە هاودۆسییەکانی، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕدا، بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە و سزاکەی ڕۆژی یەکشەممەی حەفتەی داهاتوو، جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها، بە بنەماڵەی کامران شێخە، دوایین تۆمەتباری ئەو دۆسیە ڕاگەیەندراوە کە حەفتەی داهاتوو بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو بەندکراوە بچن بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج.

ئەو حەوت بەندکراوە کوردە لە پرۆسەیەکی ناڕوون، نادادپەروەرانە و نایاسایی و بە گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر دەزگای دادوەری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و هەنگاو لەگەڵ هۆشداریدان سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە بەجێ ماوە لەو دۆسیە لە تەواوی کۆمەڵگا جیهانی و مافی مرۆڤییەکان داوا دەکات کە نەهێڵن سزای سێدارەی کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت جێبەجێ بکرێت.

شایەنی باسە کە، ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو، سزای سێدارەی ئەنوەر خزری، پێنجەمین تۆمەتباری ئەو دۆسیە لەحاڵێکدا کە ناوبراو پازدەیەمین ساڵی بەندکرانەکەی بەبێ دەستڕاگەیشن بە مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج تێپەڕ دەکرد و لە بێدەنگی چڕی میدیاکاندا جێبەجێ کرا.

پێشتر، واتە لە پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوو، سزای سێدارەی چوار کەسی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیە بەناوەکانی داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابەستە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرابوو.

فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، قاسم ئابەستە، داوود عەبدوڵڵاهی، خەسرەو بەشارەت، کامران شێخە و ئەیووب کەریمی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.

ئەو بەندکراوانە بە تۆمەتی کوشتنی "عەبدولڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتگەلی وەکوو "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی"، "چالاکی تەبلیغی دژ بە نیزام"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الأرض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

شایەنی باسە کە ئەو سزایە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی ڕاگەیشتن بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندرایەوە. لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٢٧١٨ ئەو حەوت کەسە بە تۆمەتی "افساد فی الأرض" جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەلەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو سزایە بە گوشاری بەردەوامی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلی تەباتەبایی، پارێزەری ئەو بەندکراوە مەزهەبییە کوردانە ڕاگەیەندرا. ئەو بەندکراوانە کە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت لە بەنددا بوون، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ئەو ساڵە دوای بەتاڵکردنی بەندیخانەی گەوهەردەشت، بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە