کامران شێخە بەندکراوی مەزهەبیی کە سزای سێدارە بەسەریدا سەپاوە لە بەندیخانەی قزڵحیسار بۆ بەندیخانەی مەهاباد گواسترایەوە

١٣ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٧:٣٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کوردکە سزای سێدارە بە سەریدا سەپێندراوە لە بەندیخانەی قۆڵحیساری کەرەج بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە. مەترسی جددی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ناوبراو لە ئارادایە و شەش هاودۆسییەی ناوبراو، پێشتر لە سێدارەدراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد، بە هۆکاری نادیار و بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.

گواستنەوەی کامران شێخە لەناکاو و بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی ئەم بەندکراوە مەزهەبییە ئەنجام دراوە و ئەم کارەش، نیگەرانی جددی لەسەر جێبەجێکرانی سزاکەی و چارەنووسی ناوبراوی لێکەوتووە.

کامران شێخە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ ئەمساڵ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگواسترابوو و بەبێ جێبەجێکرانی سزاکەی، جارێکی دیکە بۆ ژووری گشتی گەڕاندیانەوە.

کامران شێخە لە کاتێکدا بۆ بەندیخانەی مەهاباد گواستراوە کە خەسرەو بەشارەت، هاودۆسییەی ناوبراو بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕ لە پازدەیەمین ساڵ لە ماوەی سزاکەی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لە سێدارەدرا.

جێ ئامەژەیە کە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ، سزای سێدارەی ئەنوەر خزری، پێنجەمین تۆمەتباری دۆسییەکە لە بەندیخانەی قۆڵحیساری کەرەج و لە بێ دەنگی تەواوی میدیاکان جێبەجێ کرا.

پێشتر لە پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوو، سزای سیدارەی چوار بەندکراوی دیکەی دۆسییەکە بە ناوەکانی داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیووب کەریمی و قاسم ئابەستە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرابوو.

داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیووب کەریمی، قاسم ئابەستە، خەسەرەو بەشارەت و کامران شێخە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.

ئەم بەندکراوانە لەژێر ناوی تۆمەتبارانی دۆسییەی کوشتنی "عەبدوڵڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتانێک وەکوو "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

شایەنی باسە کە ئەو سزایە کۆتایییەکانی ساڵی٢٧١٦ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕازینی ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندراوە. لە جۆزەردانی ساڵی٢٧١٨ ئەم هەفت کەسە بە تۆمەتی "افساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە