کاروان شاهیپەروانە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسی مانی لە خواردن گرت
هەنگاو؛ هەینی ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
کاروان شاهیپەروانە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسی بۆ ماوەی ٢٠ مانگ لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ، مانی لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاروان شاهیپەروانە، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی شنۆ بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بەردەوامیی ناڕوونی چارەنووسی و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی لە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤) وە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ مانی لە خواردن گرتووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە، کاروان شاهیپەروانە کە ئەمڕۆ ٢١ی بانەمەڕ، لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی خۆیدا بەسەر دەبات، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسی، دۆسیەسازی و ڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی مانی لە خواردن گرتووە.
کاروان شاهیپەروانە، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی شنۆ، ئێوارەی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی ئورمیە گواسترایەوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەشێوەی جۆراوجۆر و بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە.
ناوبراو لەگەڵ شەش کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی شاری شنۆ بە موحاربە تۆمەتبار کران و دوای ١٨ مانگ، لە دوایین دانیشتنی دادگاییکردن لە لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە لە تۆمەتی "موحاربە" بێبەری کران. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو بەندکراوانە چەندین جار لەژێر ئەشکەنجەی دەروونیی "لە سێدارەدرانی شانۆیی" داندرابوون.
کاروان شاهیپەروانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ دوای ١٨ مانگ دەستبەسەرکران، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مافی مەرەخەسی پێدرا و دوای تێپەڕکردنی ئەو ٥ ڕۆژە دیسان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە.