ئاشخانە؛ عادل ڕەئیس قەنەواتی هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
عادل ڕەئیس قەنەواتی، هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری ئاشخانە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. دۆسیەیەکی دیکەی ناوبراو لە دادگای شۆڕش هێشتا کراوەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عادل ڕەئیس قەنەواتی کە پێشتر دوو مانگ لە دەستبەسەرگەدا بوو، ئەم دواییانە لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای تاوانەکانی ئاشخانە بە تۆمەتی «تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت» سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دۆسیەیەکی دیکەی ناوبراو لە دادگای شۆڕش هێشتا لە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و سزای کۆتایی ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بە فەرمی دەرنەچووە.
عادل ڕەئیس قەنەواتی لە ڕێکەوتی ۴ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو لە ماوەی دوو مانگ دەستبەسەرکران لە کەرەنتینەی بەندیخانەی بۆجنۆرد، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو.
ناوبراو دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران، لە سەرەتای جۆزەردانی ۲۷۲۶ بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.