مانگرتن لە خواردنی ئامانج مستەفاپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی مەهاباد

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٥:٢٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ 

ئامانج (یاسین) مستەفاپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت بارودۆخی خۆی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرت. ناوبراو یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە مەهابادە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢١ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، ئامانج مستەفاپوور، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە مانی لە خواردن گرت. ناوبراو یەک ساڵ لە ماوەی سزاکەی تێپەڕ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئامانج مستەفاپوور، لەم بارەیەوە جەختی کردەوە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گوشارەکان و نافەرمانییەکانی سوپای پاسداران لە پێشێلکاریی مافە سەرەتاییەکانی مانی لە خواردن گرتووە.

ئامانج مستەفاپوور لە خەرمانانی ٢٧٢٣، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی مەهاباد بە سەرۆکایەتی سەجاد دێهقان زادە بە تۆمەتی "دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ماڵ و موڵک"، سزای پێنج ساڵ بەندکراون، بە تۆمەتی " لەناوبردنی موڵک"، سزای یەک ساڵ و نیو بەندکران، لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی " سەرپێچی لە مەئمووران" سزای دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی " تێکدانی ئاسایشێ گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٩ ساڵ و شەش مانگ بەندکران لە لایەن ئەم دادگایەوە بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، دەبێت پێنج ساڵ لە سزای بەندکرانی ئامانج مستەفا پوور جێبەجێ بکرێت. 

ئەم بەنکراوە سیاسییە بە هۆی تۆمەتی دیکە لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد سەرجەم سزای دوو ساڵ بەندکراوی بەسەردا سەپێبدراوە. 

ئامانج مستەفاپوور ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.

شایانی باسە کە، ناوبراو لە هەفتەی یەکەمی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوای ڕفاندنی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە گواسترابوویەوە. ناوبراو لە کاتێکدا کە ماوەیەک بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لە دەستبەسەریدا بوو، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە