چاردەیەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی کیانووش چراغی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٧:١٧

هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی دێلوڕان چاردەیەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام تێپەڕ دەکات. ئەو هاووڵاتییە کە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای پێبەندی ئەلیکترۆنییەکەی و دووبارە گواستنەوەی بۆ بەندیخانە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا مانی لە خواردنی ویشک گرتبوو، لە دە ڕۆژ پێشترەوە لێوی خۆی دووریوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کیانووش چراغی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵی خەڵکی شاری دێلوڕان لەحاڵێکدا چاردەیەمین ڕۆژی مانگرتنی تێپەڕ دەکات کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٦ی مارسی ٢٠٢٥) لێوی خۆی دووریوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان (١٦ی فێبریوەری) بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانی لە خواردنی ویشک گرتبوو، و دواتر لە دووەمین مانگرتنیدا لە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەشەممە (٢ی مارس) تا ئێستا مانی لە خواردن گرتووە کە حەوت ڕۆژی سەرەتایی مانی لە خواردنی تەڕ و حەوت ڕۆژی دوایین مانی لە خواردنی ویشک گرتووە.

کیانووش چراغی لەحاڵێکدا کە لەم دواییانەدا لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو، مانگی ڕێبەندان بە ڕای لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام سزاکەی هەڵوەشێندرایەوە و جارێکی دیکە بە لێدان و بێڕێزییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

ئەو فەرمانبەرە پێشووەی ئیدارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دێلوڕان ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو ماوەیەک دواتر بەهۆی بەشێکی دیکە لە دۆسیەکەی، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەید ڕەزا سەلاحەددینی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ١ ساڵ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئینستاگرام لە بەرەبەرەی ئەوەڵین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینیدا، بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.

کیانووش چراغی کە پێشتر فەرمانبەری ئیدارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دێلوڕان بووە، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە