بەندیخانەی بۆکان؛ مانگرتن لە خواردنی هەورام مێهرنەوایی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
هەورام مێهرنەوایی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی داوای کەڵکوەرگرتنی لە مافی ئازادی مەرجدار، لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان مانی لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی مەی ۲۰۲۵)، هەورام مێهرنەوایی، بەندکراوی سیاسی کورد بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای ئازادی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان مانی لە خواردن گرتووە.
هەورام مێهرنەوایی، ڕۆژی سێشەممە ۱۴ی خاکەلێوەی ۲۷۲۴ (۲ی ئەپریلی ۲۰۲۴)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەهۆی ئەوەی بە "بەشداری لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز" لە بۆکان ڕاگەیێندرابوو، بۆ دووەمین جار دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو هەروەها ڕۆژی هەینی ۱۱ی سەرماوەزی ۲۷۲۲ (۲ی دیسەمبەری ۲۰۲۲) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە مانگی ڕەشەممەی ۲۷۲۲، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی بۆکان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەوتی بەرخۆدانە جەماوەرییەکانی خەڵکی ئەو شارە" سزای ۵۴ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەورام مێهرنەوایی، ڕۆژی یەکشەممە ۲۰ی خاکەلێوەی ۲۷۲۳ (۹ی ئەپریلی ۲۰۲۳)، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە و لە ئاکامدا لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لە بۆکان ئازاد کرا و دواتر بۆ بەندیخانە گەڕێندرابۆوە.