مانگرتن لە خواردنی مامۆستا حەسەن جەنگخاە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە
هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
مامۆستا حەسەن جەنگخاە، مامۆستای کورد و سوننە مەزهەبی خەڵکی شاری سەڵماس لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە بارودۆخی بەندکراوان و بێبەشکرانی لە مافی مەرەخەسی لە سێ ڕۆژ پێشترەوە مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤) ەوە، مامۆستا حەسەن جەنگخاە، دانیشتووی گوندی "حەوت خان"ی سەر بە شاری سەڵماس کە ماوەی ٨ مانگ و ١٦ ڕۆژ لە سزای ٧ ساڵ بەندکرانەکەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا تێپەڕ دەکات، بەهۆی سەرنجنەدان و پێشکەشنەکردنی ئاسانکارییەکان مانی لە خواردن گرتووە.
ئەو چالاکە مەزهەبییە پێشتر لە لایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی لقی ئورمیە سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢٩ی فێبریوەریی ٢٠٢٤) بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.
مامۆستا حەسەن جەنگخاە، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٠، لە کاتی گەشت بۆ گوندی دزەی مەرگەوەڕ سەر بە شاری ئورمیە دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرابووەوە.
ئەو مامۆستا کوردە، لە ئاکامدا دوای یەک حەفتە دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.