سەقز؛ دوورخستنەوەی ئەمین مەلەکی بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ بەندیخانەی کاشمەری خوراسانی ڕەزەوی

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٢:٥٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سەقز بێ ئاگاداریی پێشوەختی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی سەقز بۆ بەندیخانەی کاشمەر لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دوور خرایەوە. ناوبراو ٣ مانگ و ١١ ڕۆژی پێشووی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقزدا تێپەڕ کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٦١ ساڵی خەڵکی "ئێرانشا"ی سەر بە شاری سەقز، بەبێ ڕاگەیاندنی پێشتری بڕیاری دوورخرانەوەی بە بنەماڵەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کاشمەر دوور خرایەوە.

ئەمین مەلەکی، ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماڵەکەی خۆیدا و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، دەستبەسەرکرانی ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە لەم دوایییانەدا، بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزای چوار ساڵ بەندکران لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی پێشووی ناوبراودا بووە کە بەپێی سزاکەی دەبوو لە شاربەدەری و لە بەندیخانەی شاری کاشمەر تێپەڕی کردبایێت.

ئەمین مەلەکی ساڵی ٢٧١٢ (٢٠١٢)، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستان سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای یەک ساڵ و لە حالێکدا کە مافی مەرەخەسی پێدرابوو، لە ئێران ڕۆیشتە دەرەوە. ناوبراو دواتر بە وەرگرتنی ئەماننامە گەڕایەوە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە ساڵی ٢٧١٨، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و دوای ئەوەی سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا بۆ بەندیخانەی سەقز گواسترایەوە. ناوبراو لە ئاکامدا هاوینی ٢٧٢٣ دوای تێپەڕکردنی تەواوی ماوەی دووەمین سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە