ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە دوایین بارودۆخی زەینەب جەلالیان؛ بەردەوامیی بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و نالەباری دۆخی تەندروستیی ناوبراو

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٠:٣١

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢۵

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ و مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری تەندروستی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکیی پێویست لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد بێبەش ماوەتەوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە لەم دواییانەدا نەشتەرگەریی «ئامبۆلیزاسیۆنی فیبرۆم»ی بۆ کراوە بەڵام تەنیا ۲۴ کاتژمێر دواتر بەبێ ئەنجامی تەواوی پرۆسەی دەرمان و چاودێریی دوای نەشتەرگەرییەکەی بۆ بەندیخانە گەڕێندراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی گوندی دەیم قشلاقی سەر بە شاری ماکۆ و بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی فیبرۆمی منداڵدان و کێشەی تەندروستی لە بارودۆخێکی سەختدا بووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی ئامبۆلیزاسیۆنی فیبرۆم بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری یەزد گواستراوەتەوە بەڵام دوای تێپەڕبوونی تەنیا یەک ڕۆژ و بەبێ تێپەڕکردنی تەواوی ڕەوتی چارەسەریی پزیشکی دیسان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گەڕێندراوەتەوە.

زەینەب جەلالیان لەدوای نالەبارتربوونی بارودۆخی تەندروستی و لە ئەنجامی گوشارە نێودەوڵەتییەکان، لەژێر ڕێوشوێنی سەختی ئەمنی و لەحاڵێکدا کە پێبەندی لە پێدا بووە، بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە یەزد گواستراوەتەوە و نەشتەرگەریی ئامبۆلیزاسیۆنی فیبرۆمی بۆ کراوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ۹ کەس لە هەواڵنێرانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بەندکرانی درێژماوەی زەینەب جەلالیان و نالەباربوونی بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو دەربڕیبوو و داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو کە ئەگەری دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێ و بەبێ مەرجی ناوبراو بە خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست لە نەخۆشخانەیەکی سەربەخۆ دەستەبەر بکەن.

زەینەب جەلالیان سەرەڕای فیبرۆمی منداڵدان، لە ماوەی بەندکرانیدا بەهۆی ئەشکەنجەی زۆر و بارودۆخی سەختی بەندیخانە تووشی کێشەی گورچیلە و هەرس، هەوکردنی دم، ناخونەی چاو و ئاودزکردنی ددان هاتووە و بەردەوام بە دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی بەندکرانیدا لە بەندیخانەکانی کرماشان، ئێڤین، قەرچەکی وەرامین، کرمان و خۆی ڕاگیراوە و ۱۹ی خەزەڵوەری ۲۷۲۰ بەشێوەی نایاسایی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گواستراوەتەوە و لەو ماوەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەمای جیاکردنەوەی بەندکراوان بەپێی سزاکانیان لەو بەندیخانەیە لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بێبەش بووە.

زەینەب جەلالیان لە بەرەبەرەی نۆزدەهەمین ساڵی بەندکرانیدا تا ئێستا تەنانەت بۆ یەک ڕۆژ مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەدراوە.

شایەنی باسە کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە، سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی سەخت لەحاڵێکدا کە پێبەند و دەستبەندی پێوە بووە، بۆ ماوەیەکی درێژ و بەشێوەی بەردەوام لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی یەزدەوە لێپرسینەوەی لێ کراوەتەوە و تەنانەت هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لێ کراوە.

زەینەب جەلالیان ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٠٧، لە جاددەی کامێران_کرماشان دەستبەسەر کرا و سەرماوەزی ٢٧٠٨ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورادی بەتۆمەتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە ئێران سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

سزای سێدارەی زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٧٠٩ لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و ئەو سزا مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١١ بە لێبوردن و یەک دەرەجە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە