ڕێگریی حیراسەتی زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان لە چوونەژوورەوەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بووە هۆی گیان لەدەستدانی کیمیا تورکاشوەند

١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:١٣

هەنگاو؛ هەینی ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ژنێکی خوێندکاری بواری بیناسازی بەناوی کیمیا تورکاشوەند بەهۆکاری ناڕوون لە خەوتنگەی کچانەی "دەباغ" لە زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان هەوڵی خۆکوشتنی داوە و لە ئاکامی هەوڵنەدان بەمەبەستی ڕزگارکردنی ناوبراو لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە، گیانی لەدەستداوە. حیراسەتی زانکۆ بە ڕێگریی ٤٠ خولەکی لە هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بووە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو خوێندکارە لاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، خوێندکارێکی کچ بەناوی کیمیا تورکاشوەند، خەڵکی توێسرکان سەر بە پارێزگای هەمەدان و خوێندکاری تێرمی چواری بیناسازی، لە ڕێگەی خواردنی حەب لە خەوتنگەی کچانەی دەباغ لە زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە سەبارەت بەو بابەتە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "هێزەکانی حیراسەتی زانکۆ بۆ ماوەی ٤٠ خولەک ڕێگرییان لە هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ نێو خەوتنگەی کچان کردووە و دوای چل خولەک دواکەوتن، لە کاتی گواستنەوەی بۆ نێو ئەمبوڵانسەکە بە بیانووی شیاو نەبوونی شێوەی جلوبەرگی کیمیا ڕێگرییان لە گواستنەوەی ناوبراو کردووە و لەئاکامدا دوای لەبەرکردنی جلوبەرگ و دواکەوتنێکی ١٠ خولەکی دیکە ئەو خوێندکارە بۆ نێو ئەمبۆلانسەکە گواستراوەتەوە و لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە."

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەو کچە خوێندکارە لەبەر دەستدا نییە. سەرەڕای ئەوانە درەنگانی ئێوارەی پێنجشەممە هێزەکانی حیراسەتی زانکۆ و هێزە ئەمنییەکان، خەوتنگەی کچانەی دەباغیان گەمارۆ داوە و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە هەڕەشەیان لە خوێندکارەکان کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە