ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی لانی کەم دوازدە هاووڵاتی لەوانە ٧ هاووڵاتیی کورد لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئیسفەراین
هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم دوازدە هاووڵاتی لەوانە منداڵێک، دوو ژن و دوو خوێندکار بە ناوەکانی ئەنیس گەریوانی، فاتیمە سوڵتانی، محەممەدپویا کەریمئابادی (منداڵی ١٧ ساڵ)، عەلی ئەسغەر خودادادی، شەهرام محەممەدزادە، پویا ئوستادی، سوورەنا ڕوباتجزی، ڕەسووڵ جەعفەری، ڕەزا خانزادە، عەباس زەینەلی، جەلیل میلانویی و بیژەن ئیبراهیمی توی، لە ماوەی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئیسفەراین سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە لەلایەن تیمی پشتراستکردنەوەی ئەم ڕێکخراوەوە پشتڕاست کراوەتەوە، دوازدە هاووڵاتی لەوانە حەوت هاووڵاتیی کورد و دوو هاووڵاتیی تورک لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئیسفەراین گیانیان لەدەست داوە کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دێت.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە ئەسفەرایین لە کاتژمێر ١٨:٤٠ بە کۆبوونەوەی بەرفراوانی خەڵک لە شەقامی "ئیمام ڕەزا" دەستی پێ کرد و بۆ شەقامەکانی تاڵەقانی، فرومەندی، معەلیم و مەیدانی خومەینی پەرەی سەند. هێزە حکومەتییەکان لە قوتابخانەی بەسیرەت کەمینیان دانابوو و دەستیان کرد بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان. دوای هاتنی هێزە حکومەتییەکان و ناردنی هێزی فریاگوزار لە بجنوورد، سەبزەوار و سەفیئاوادەوە لە کاتژمێر ٢٣:٠٠دا، خۆپیشاندەران لەگەڵ سەرکوتێکی توندوتیژانە و بەکارهێنانی چەکی جەنگی، لەوانە دۆشکا و کڵاشینکۆف بەرەوڕوو بوون.
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شەوەدا لانی کەم یازدە هاووڵاتی و دوو هێزی حکومەتی کوژران و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بریندار بوون.
گیانبەختکردووانی ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥:
عەلی ئەسغەر خودادادی، خوێندکاری ١٩ ساڵەی بەشی تەلارسازیی خەڵکی ئیسفەراین لە بەرانبەر بنکەی پۆلیس لە کۆڵانی حەمامی شارەداری، بە دوو فیشەکی جەنگیی هێزە حکومەتییەکان لە بەشی دڵی پێکرا و گیانی لەدەست دا. تەرمەکەی دوای سێ ڕۆژ، لە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا بە خاک سپێردرا.
محەممەپویا کەریمئابادی، منداڵی ١٧ ساڵەی خەڵکی ئیسفەراین لە سەرەتای شەقامی ئەسفەرایینی پێکرا و گیانی لەدەست دا.
پویا ئوستادی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی ئیسفەراین لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لە حەوشەی بنکەی پۆلیسی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی سێ فیشەکی هێزە حکومەتییەکان لە بەشی شەویلکە، سەر و سنگی کوژرا.
ئەنیس گەریوانی، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ئیسفەراین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا و تەرمەکەی لە گوندی "چواربورج"ی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.
فاتیمە سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیسفەراین بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا کوژرا. ئەم ژنە گەنجە چەند کاتژمێرێک پێش کوژرانی، لە دوایین ستۆریی لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا نووسیبووی: "ئەمشەو لەبەر منداڵەکانم دەڕۆم، چونکە مافی خۆیانە ژیانێکی باشیان هەبێت."
عەباس زەینەلی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیسفەراین لە کاتی گرتنی فەرمانداری و دادگوستەری ئەو شارەدا، بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی لە بەشی ڕان و سمتی گیانی لەدەست دا.
ڕەسووڵ جەعفەری، هاووڵاتیی ٢١ ساڵی کوردی خەڵکی ئیسفەراین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
شەهرام محەممەدزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیسفەراین لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا گیانی لەدەست دا. تەرمەکەی لەژێر ڕێکاری توندی ئەمنییەتیدا بە خاک سپێردرا.
جەلیل میلانۆیی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیسفەراین بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان کوژرا و تەرمەکەی سێ ڕۆژ دواتر بە وەرگرتنی بەڵێننامە لە بنەماڵەکەی ڕادەست کرایەوە و لە کەشێکی ئەمنییەتیدا بە خاک سپێردرا.
ڕەزا خانزادە، هاووڵاتیی کوردی ١٩ ساڵە و خەڵکی ئیسفەراین لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا کوژرا.
بێژەن ئیبراهیمی توی، هاووڵاتیی کوردی ٣١ ساڵەی خەڵکی گوندی "توی"ی سەر بە شارستانی ئیسفەراین و باوکی دوو منداڵ، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لە چوارڕێیانی ساعەتی ئەسفەرایین بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان لە بەشی قاچ و پەراسوویدا کوژرا.
گیانبەختکردووانی ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥:
سوورنا ڕوباتجزی، خوێندکاری ٢٢ ساڵەی ئەندازیاریی کۆمپیوتەری زانکۆی پیشەسازیی بیرجەند و خەڵکی ئیسفەراین بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا. ناوبراو لە هاووڵاتییانی تورکی ئەسفەرایین بوو.