ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ڕۆبینا ئەمینییان، خوێندکاری کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە تاران
هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ڕۆبینا ئەمینییان، هاووڵاتیی کورد و خوێندکاری زانکۆی شەریعەتی تاران و خەڵکی نۆدشە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. ڕووبینا بیست و سێهەمین هاووڵاتیی کوردە کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەدا کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ڕۆبینا ئەمینییان، هاووڵاتیی تەمەن ٢٣ ساڵی کورد و خەڵکی نۆدشە و دانیشتووی کرماشان، خوێندکاری زانکۆی تەکنیکیی شەریعەتی تاران لە بەشی دیزاین، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم خوێندکارە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی هێزە حکومەتییەکان بە سەری، لە مەودایەکی نزیک و لە پشتەوە، گیانی لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، هێزە حکومەتییەکان سەرەتا ڕەتیان کردووەتەوە تەرمی ئەم خوێندکارە ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و دوای بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکەی، بردویانن بۆ شوێنی ڕاگرتنی تەرمەکان تا ناسنامەکەی پشتڕاست بکەنەوە.
لە درێژەدا، بنەماڵەکەی وێڕای هەبوونی گوشار و سنووردارکردنی ئەمنیی، تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، هێزە حکومەتییەکان بە سەپاندنی گوشاری توندی ئەمنیی، ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێکی ئەسپەردەکردن و پرسە و سەرەخۆشی بۆ ناوبراو لە شاری مەریوان کردووە.