بەیاننامەی کۆمەڵێک لە ژنانی کوردستان ڕووبە کۆمەڵگەی زانستی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕای گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
داخوازی گشتی: خوێندنەوەیەکی پێکهاتەیی بۆ دۆسیەی جەماڵ محەمەدی دژ بە پارێزبەندیی دەسەڵات و هاوکاتیش لەپێناو هاوپشتی لەگەڵ گێڕەرەوانی گێچەڵی سێکسی لە زانکۆی کوردستان
بۆ: کۆمەڵگەی زانستی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕای گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئێمە، وەک کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی پرۆسەی دۆسیەی جەماڵ محەمەدی، ئەندامی دەستەی زانستیی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان و بڕیاری لیژنەی پێداچوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ بێتاوانکردن و گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ زانکۆ، دەکەین. ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە دروست بوو کە کۆمەڵێک خوێندکاری کچ، بێدەنگییان شکاند و سکاڵایەکی بەکۆمەڵیان لەسەر گێچەڵ و دەستدرێژیی جنسی ئەم مامۆستایە بۆ سەر خۆیان، تۆمار کرد. ئەگەرچی دۆسیەکە لە قۆناغی سەرەتاییدا و بەپێی بەڵگە و دۆکیۆمێنتە بەردەستەکان، بووە هۆی دەرکردنی ناوبراو لە زانکۆ، بەڵام لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە و حوکمی گەڕانەوەی بۆ دەرکرا.
ئەوەی ئەمڕۆ بۆ ئێمە بایەخێکی بنەڕەتی و ستراتیژیی هەیە، دۆخی ئەو خوێندکارە کچانەیە کە سەرەڕای باجی قورسی کەسیی، کۆمەڵایەتی و دەروونیی، بەڵام بێدەنگییان شکاند و ئەزموونی ژیاوی خۆیان لە گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی گێڕایەوە و بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ ڕێڕەوی داخوازییان گرتە بەر.
ئەم بەیاننامەیە هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی سروشتی پێکهاتەییی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت خەبات لە دژی ئەم دیاردەیە ببێتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکاتیش، ڕەخنە لەو میکانیزمانە دەگرین کە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانەوەی گێچەڵ و پاراستنی دەستدرێژیکەران لە سزای یاسایی (بەتایبەت لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا). لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر پێویستیی دروستبوونی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و تۆڕە فێمینیستییەکان دەکەین بۆ پێشخستنی پرۆسەی داخوازی و پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی توندووتیژییان بەرانبەر کراوە. لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا، داواکارییە ڕوون و دیاریکراوەکانی خۆمان دەخەینە ڕوو و داوای هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین.
پێناسەی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی لە ڕوانگەی فێمینیستییەوە
پێش شیکردنەوەی پێکهاتەیی، پێویستە دیاردەی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی پێناسە بکرێت. چونکە هەتا ئەزموونێک وەک توندووتیژی و پێشێلکردنی «مافی جەستە» نەناسرێت، نە دەتوانین دەستنیشان و ڕووبەڕووی بینەوە، نە دەرفەتیش بۆ داداخوازیش دەڕەخسێت. زۆربەی ئەو پێناسە باو و یاساییانەی کە ئێستا هەن، لەناو ئەو سیستەمە مەعریفی و یاساییانەدا سەریان هەڵداوە کە زۆرجار بە دیدێکی پیاوسالارانە سەیری پرسەکە دەکەن، کە زیاتر جەخت لەسەر پێوەرگەلێکی وەک: ئامانجی ئەنجامدەرەکە، توندیی ڕەفتارەکە یان بوونی بەڵگەی سەلمێنەر بۆ دامەزراوە فەرمییەکان دەکەنەوە. لە بەرانبەردا، کەمتر بایەخ بە ئەزموونی ژیاوی قوربانییان، هەستی نائەمنی، پێشێلکردنی سنوورە کەسییەکان و لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی گێچەڵەکە دەدەن. هەر بۆیە ڕوانگەی فێمینیستی بە بەگژداچوونەوەی ئەم تێڕوانینە باوانەدا، جەخت لەسەر مافی مرۆڤەکان دەکاتەوە لە دیاریکردنی سنوورەکانی سەر جەستەیان، هەستکردن بە ئاسایش و بوونی پەیوەندییەکی یەکسان و بێ زۆرەملێ. هاوکات ئەزموونی ژیاوی ئەوانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر، وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ ناسین و تێگەیشتن لە گێچەڵی سێکسی دەناسێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕەزامەندی تەنیا بە واتای نەبوونی "نا"یەکی ڕوون نییە، بەڵکوو بە واتای بوونی "بەڵێ"یەکی ئازادانە، هۆشیارانە و بێ گوشارە. بێدەنگی، لە شۆکدا بوون، ترس، دوودڵی یان ناتەوانیی جەستەیی، زارەکیی و دەروونیی لە دەربڕیندا بۆ بەرگری لە خۆ، هەرگیز بە واتای ڕەزامەندی نایەت. چونکە لە زۆربەی هەلوومەرجەکاندا، لەوانەیە کەسەکە لە ترسی لێکەوتەکان، هەستکردن بە شەرم، بەستراوەیی دارایی یان خوێندن، یان جیاوازیی هێز لە نێوان خۆی و کەسی بەرانبەردا، دەرفەتی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکەی نەبێت و ناڕاستەوخۆ خرابێتە ژێر گوشار. بەتایبەت لە ژینگەی زانکۆدا، کە پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار لەسەر بنەمای پلەبەندیی دەسەڵات داڕێژراوە، بێدەنگیی خوێندکار ناتوانرێت وەک نیشانەی قبووڵکردن لێک بدرێتەوە. چونکە لەوانەیە خوێندکارەکە لە ترسی زیانگەیشتن بە پێگەی زانستی، لەدەستدانی دەرفەتەکانی خوێندن، کەمکردنەوەی نمرە، هەڕەشە لەسەر پێگەی توێژینەوەیی یان لێکەوتە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان، بێدەنگیی هەڵبژاردبێت. لەبەر ئەوە، لەجیاتی ئەوەی بپرسین «بۆچی کەسەکە نەیتوانی بڵێت نا یان بێدەنگ بوو؟»، دەبێت بپرسین چ بارودۆخێک دەرفەتی گوتنی "نا"ی لێ زەوت کردووە. بۆیە ئەم تێگەیشتنەو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەیە، گێچەڵی سێکسی تەنیا وەک ڕەفتارێکی تاکەکەسی نابینێت، بەڵکوو وەک دیاردەیەکی پێکهاتەیی دەیناسێنێت کە لەناو نایەکسانیی دەسەڵاتدا فۆرم دەگرێت و سەرلەنوێ بەرهەم دێتەوە.
سروشتی گشتی و گشتگییری گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی، سەپاندنی باڵادەستییە
دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی، تەنیا «لایدانێکی تاکەکەسی» یان دیاردەیەکی سنووردار بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئامرازێکی سیستماتیکە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات و باڵادەستی (هێز و دەسەڵات). لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە و لەناو هەر نەتەوە و کۆمەڵگەیەکدا، گێچەڵکاری، توندوتیژیی و دەستدرێژی سێکسی، ڕەگ و ڕیشەی لەناو پێکهاتە نایەکسان دا هەیە. گێچەڵی سێکسی نیشانەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەوەی کە پێکهاتە سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای کۆمەڵگە لەسەر بنەمای نادادپەروەری و نایەکسانی بنیات نراون. پێکهاتەیەک کە ڕێگە بە کەسی گێچەڵکار یان دەستدرێژی کەر دەدات پێگەی باڵای خۆی لە سیستەمی باڵادەستیدا ( لە ڕووی ڕەگەزی، چینایەتی، ڕەگەزپەرستی، نەتەوەیی، پیشەیی یان زانستییەوە)، بۆ بەزاندنی سنوورە مرۆییەکان و ئازاردانی ئەوانی تر بەکار بهێنێت. بۆیە ڕاوەستان بەرانبەر ئەم دۆسیەیە، ڕاوەستانە بەرانبەر نایەکسانیی پێکهاتەیی و ئەو نەزمە باڵادەستەی کە بەناو تاروپوودی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا چۆتە خوارەوە. هەر بۆیەش ئەم هەڵوێستە خەباتێکە کە سنوور ناناسێت و ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و دادپەروەرە کە لە دژی سەپاندنی باڵادەستی، دەنگ هەڵبڕێت و سهر ههڵبڕێت.
خەبات لە دژی دەستدرێژیی سێکسی، مەرجێکی بنەرەتیی هەر پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەبێت بڵێین لەم ئاراستەیەدا، پێویستییەکی حەتمییە کە خەبات لە دژی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی، ببێتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو دادپەروەری و یەکسانی دا . پاشخستنی ئەم پرسە بە بیانووی جۆراوجۆری وەک پاراستنی کەرامەتی نەتەوەییی کوردستان، داکۆکیکردن لە نوخبەی کورد یان بەرژەوەندییە سیاسییەکان، هیچ شتێک جگە لە بەردەوامیدان بە توندوتیژی و نادادپەروەری بەدوادا نایە. ژنان لە کوردستاندا هاوکات لەژێر باری چەوسانەوەی نەتەوەیی و چەوسانەوەی جێندەریدا دەچەوسێنەوە، هەر ئەم دۆخەش پرۆسەی دادخوازیی ئەوانی دژوارتر کردووە، چونکە جیا لە پێکهاتە سەرکوتکارە فەرمییەکان، زۆرجار ڕووبەڕووی گوشارگەلێکیش دەبنەوە کە داوایان لێ دەکات لەپێناو پاراستنی «بەرژەوەندییە گەورەکاندا» بێدەنگ بن. ئێمە لەو باوەڕەداین هیچ پڕۆژەیەکی ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتدا، بە فەرامۆشکردنی کەرامەت و مافی دادخوازیی ژنان، ناتوانێت بگاتە ڕزگارییەکی گشتی و کۆمەڵایەتی. خەبات لە دژی ئەو پێکهاتە باڵادەستانەی کە کۆیلەکردنی ژنانی تێدا ڕەگئاژۆ بووە، لە خەباتی بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جیا ناکرێتەوە. ئەمەش بەرپرسیارێتییەکە کە تەنیا ناخرێتە سەر شانی ژنان، بەڵکوو ئەرکێکی گشتی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییە.
بۆیە ئێمە لەو باوەڕەداین، ڕاوەستانی ئەم خوێندکارانەی زانکۆی کوردستان کە دۆسیەکەیان تۆمار کردووەو دەستدرێژییەکان بۆ سەرخۆیان گێڕاوەتەوە، لە درێژەی هەمان ئەو هۆشیارییە گشتییەدا دێت کە لەگەڵ شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» دا سەری هەڵدا. هۆشیارییەک کە جەخت لەسەر کەرامەتی مرۆڤ و بنبڕکردنی هەموو شێوازەکانی باڵادەستی دەکاتەوە. ئەم خەباتە هێشتا بەردەوامە و ئێمە ڕێگە نادەین ئامانجە گشتییەکانی، لە پشت پارێزبەندیی خاوەن دەسەڵاتەکان و پێگە زانکۆییەکاندا بنێژرێن. هەر لەبەر ئەوە، لەپاڵ هاودەنگی و پشتیوانی لەگەڵ ئەم خوێندکارانە، باوەڕمان وایە کە بەدیهێنانی دادپەروەری و پەیوەستبوونیش بەم داخوازییە، ئەرکی کۆمەڵایەتیی هەموو ئەو کەسانەیە کە بڕوایان بە ئامانجی چەسپاندنی دادپەروەری، یەکسانی و کۆمەڵگەیەکی بێ هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە.
زانکۆی نائەمن: چۆن پلەبەندیی زانکۆیی بوار بۆ گێچەڵ و پارێزبەندی خۆش دەکات؟
زانکۆ دەبێت ماڵێکی ئارام بێت بۆ فێربوون، بیرکردنەوە و گەشەکردن، ژینگەیەک کە پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار تێیدا لەسەر بنەمای متمانە، ڕێز و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی داڕژابێت. بەڵام کاتێک باسی گێچەڵی سێکسی لەلایەن مامۆستا پیاوەکانەوە لەناو زانکۆدا دێتە ئاراوە، بەتایبەت لەم دۆسیەیەدا، بابەتەکە ڕاستەوخۆ دەبێتە خراپ بەکارهێنانی پێگەی باڵا لە پلەبەندیی دەسەڵاتی زانکۆییدا. دەسەڵاتێک کە لە پێگەی فێرکاری، قورسایی دامەزراوەیی و بەستراوەیی خوێندکار بە هەڵسەنگاندن، ڕێنوێنی و پەسندکردنی مامۆستاکەوە سەرچاوە دەگرێت. باش وایە بزانین خراپ بەکارهێنانی ئەم پێگە باڵایە هەمیشە لە قاڵبی هەڕەشە و گوشاری ئاشکرادا دەرناکەوێت، بەڵکوو زۆرجار لە ڕێگەی بێ نرخکردن و سووک سەیرکردن، سڕینەوە و پەراوێزخستنی بەرەبەرە لە کلاسەکاندا، گوێنەدان بە پرسیارەکان، دروستکردنی هەستی نائەمنی، بەستنەوەی پێشکەوتنی قۆناغی خوێندن بە نزیکبوونەوەی شەخسی، یان خستنەگەڕی گوشاری سۆزداری و دەروونی بۆ ناچارکردنی خوێندکارەکە بە بێدەنگی و تەسلیمبوون، کار دەکات. ڕێک ئەم نایەکسانییە پێکهاتەیییەیە کە وایکردووە زۆربەی خوێندکاران، تەنانەت کاتێک سنوورە پیشەیی و ئەخلاقییەکانیش دەبەزێندرێن، لە ترسی لێکەوتەکانی بێدەنگ بن یان ناچار بکرێن بەرگە بگرن.
هاوکات دەتوانین بڵێین کە ئەم دۆسیەیە شێوازی کارکردنی پێکهاتەی پلەبەندیی زانکۆیی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی گێڕانەوەکانی گێچەڵی سێکسی دا ئاشکرا دەکات. میکانیزمێک کە تێیدا قورسایی زانکۆیی، پلەبەندیی ئیداری و ئیمتیازە جێندەرییەکان دەتوانن لەپاڵ یەکتردا پارێزبەندی بەرهەم بهێنن. لەم کێشەیەدا، جەماڵ محەمەدی کە تۆمەتبارە بە گێچەڵی سێکسی، هەم وەک «پیاوێک» لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا لە ئیمتیازە پێکهاتەیییەکان سوودمەند دەبێت، هەم وەک «مامۆستایەکی زانکۆ» لە سیستەمێکی پلەبەندیدا، دەستی باڵای هەیە. پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار، هەرگیز پەیوەندییەکی یەکسان نییە، نمرە، ئایندەی خوێندن، ئیعتباری زانستی و کاروباری پیشەیی خوێندکار لە دەستی مامۆستادایە. کاتێک ئەم قورسایییە ئەکادیمییە لەگەڵ پارێزبەندیی پیاوانەدا گرێ دەدرێت، سیستەمی ئیداری و یاسایی لەجیاتی پشتیوانیکردن لە خوێندکار، بە ئاشکرا دەبێتە پەناگەیەک بۆ پاراستنی ناوبانگی دامەزراوەکە و کاربەدەستانی.
بۆیە بڕیاری بێتاوانکردن لەم دۆسیەیەدا، جارێکی تر ئەم پرسیارە بنەڕەتییە دەخاتە بەردەم کۆمەڵگەی زانکۆیی کە ئایا میکانیزمە بەردەستەکان، زیاتر لەوەی پشتیوانی لە خوێندکاران بکەن، لە کردوەدا پارێزگاری لە ناوبانگی پێکهاتەیی دامەزراوەکە و خاوەن دەسەڵاتەکان ناکەن؟ ئەزموونی جیهانیی سەلماندوویەتی کە زۆربەی شێوازەکانی گێچەڵی سێکسی، بەهۆی سروشتی شاردراوەیان، پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات و دژواریی سەلماندنیان، هەمیشە لە چوارچێوە یاسایییەکاندا شیاوی سەلماندن نین. لەبەر ئەمەش، بەرپرسیارێتیی زانکۆکان دەخوازێت کە ژینگەیەک پێکه بێنن کە ئارام، وەڵامدەرەوە و هەستیار بێت بەرانبەر بە هاوکێشەکانی پێگەو دەسەڵات بەدەستان.
هاوپشتیی فێمینیستی: سەنگەری خەبات و پەناگەی ئارامی ژنان لە گێڕانەوەی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی
کاتێک میکانیزمە فەرمییەکان لە پاراستن و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ گێڕەرەوەکانی گێچەڵی سێکسی شکست دەهێنن و لە بەرژەوەندیی خاوەن دەسەڵاتەکاندا کار دەکەن، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و تۆڕە فێمینیستییەکان دەبنە پەناگە و هێزێکی ڕاستەقینە بۆ داخوازی. ئەوان ئەوەمان بیر دەخەنەوە کە گێچەڵی سێکسی بابەتێکی تایبەت و کەسی نییە، بەڵکوو پرسێکی گشتییە و بەستراوەتەوە بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییەوە. دەسەڵاتی زاڵ لەناو بێدەنگی و دابڕاندا سەرلەنوێ خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵام هاوپشتی، پرسی لێپرسینەوە و دەرفەتی گەیشتن بە دادپەروەری بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. تۆڕەکانی هاوپشتی، ڕەوایەتیی خۆیان نەک لە بڕیاری ئەو دامەزراوانەی کە تۆمەتباران بێتاوان دەکەن، بەڵکوو لە هاودەنگی و پشتیوانیی کردنی ئەوانی توندووتیژییان بەرانبەر کراوەو بێدەنگ نەبوون، وەردەگرن.
ئەو زیانەی کە لە گێچەڵکاریی سێکسییەوە سەرچاوە دەگرێت، بە کۆتاییهاتنی ڕووداوەکە کۆتایی نایەت. بەڵکوو بۆ زۆربەی گێڕەرەوەکان، شکاندنی بێدەنگی دەستپێکی پرۆسەیەکی تاقەتپڕووکێنە لە دووبارەکردنەوەی بەردەوامی ئەزموونەکە لەناو پێکهاتە پیاوسالار و نایەکسانەکاندا. لە دۆخێکی وادا، خودی گێڕانەوە دەبێتە شێوازێک لە بەرگریکردن لە دژی سیاسەتی بێدەنگکردن و ماندووکردن. لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، هاوپشتیی فێمینیستی تەنیا ڕاگەیاندنی هاوپشتیوانی نییە، بەڵکوو سیاسەتێکە لەسەر بنەمای چاودێری و پاراستن. ئەم هاوپشتییە لە ڕێگەی بڕواکردن بە گێڕانەوەی ژنان/کەسەکان، پاراستنی ناسنامەیان، هاوڕێیەتیکردنیان لە ڕێڕەوی داخوازی و دابینکردنی پشتگیریی سۆزداری و دەروونیدا، دابڕان و تەنیایی دەگۆڕێت بۆ هاوڕێیەتی و ترسیش دەکاتە ئازایەتییەکی گشتی. هاوکات هاوپشتیی فێمینیستی لە پاڵپشتیی تاکەکەسی تێدەپەڕێت و دەبێتە هێزێک بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی. لەبەر ئەوە، هاوپشتیی فێمینیستی تەنیا پەناگەیەک نییە بۆ ساڕێژبوونی برینەکان، بەڵکوو سەنگەرێکە بۆ ڕێکخستن، ئاشکرا کردنی کلتووری حاشاکردن، خۆڕاگری و دروستکردنی بیرەوەرییەکی گشتی کە ڕێگە نادات توندوتیژی لەناو بێدەنگی و فەرامۆشیدا سەرلەنوێ بەرهەم بێتەوە.
داواکارییە ڕوونەکانی ئێمە (بۆچی ئەم داخوازییە واژۆ دەکەین؟)
ئامانجمان لەم بەیانییەو داخوازییە، کۆتایهێنانە بە کلتووری پارێزبەندیی گێچەڵکاران و داواکردنی لێپرسینەوە و بەدواداچوون لەو دامەزراوانەی کە بەرپرسیارن لە دەستەبەرکردنی ئاسایش، کەرامەت و دادپەروەری لە ژینگەی زانکۆدا. داواکارییەکانمان ڕوونن و داوای هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر لەم بوارانەی خوارەوەدا دەکەین:
1) پێداچوونەوە بە بڕیاری گەڕانەوەی جەماڵ محەمەدی: ئێمە داوای پێداچوونەوەی بەپەلە دەکەین لە بڕیاری گەڕانەوەی جەماڵ محەمەدی بۆ زانکۆی کوردستان. هەروەها لێکۆڵینەوەی سەرلەنوێ لە دۆسیەکە بەپێی ئەو گێڕانەوە، شایەدی و بەڵگانەی کە لەلایەن خوێندکارانەوە پێشکەش کراون و سەرنجدانێکی جدی بە پرسی شیاویەتیی ئەخلاقی و پیشەیی ئەو کەسەی کە لەم دۆسیەیەدا کەوتووەتە بەر ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە گێڕانەوە هاوڕاستا و سەربەخۆکانی خوێندکاران، لە ڕوانگەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە، خاوەن نرخ و بەهایەکن کە ناتوانرێت بە بڕیارە ئیدارییەکان فەرامۆش بکرێن.
2) دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی گێڕەرەوەکان، سکاڵاکەران و شایەتحاڵانی دۆسیەکە: دابینکردنی ئاسایشی دەروونی، خوێندن، کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ ئەو خوێندکارانەی لەم دۆسیەیەدا شایەدییان داوە یان بابەتەکەیان گێڕاوەتەوە. ڕێگریکردن لە هەر جۆرە تۆڵەسەندنەوە، هەڕەشە، ناوزڕاندن (سیمای دزێو پێبەخشین)، جیاکاری یان گوشار لە دژیان.
3) چاکسازی لە میکانیزمەکانی ڕادەستکردنی سکاڵاکانی گێچەڵی سێکسی: دروستکردنی میکانیزم و دامەزراوەی سەربەخۆ، ڕوون، وەڵامدەرەوە و هەستیار بەرانبەر بە جێندەر بۆ ڕادەستکردنی سکاڵاکان، بە بەشداریی ڕاستەقینەی نوێنەرانی خوێندکاران و پسپۆڕانی سەربەخۆ. بە شێوازێک کە ئەوانەی دەستدرێژییان بۆسەر کراوە بتوانن بەبێ ترس لە لێکەوتە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان، پرۆسەی داخوازییەکەیان پێش بخەن.
4) دروستکردنی خزمەتگوزاریی سەربەخۆ بۆ پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی: دابینکردنی خزمەتگوزاریی پسپۆڕانە و نهێنی بۆ زیانپێکەوتووان، بە شێوەیەک کە سەربەخۆ بێت لە پرۆسە دیسپلینی و ئیدارییەکانی زانکۆ، تا زیانپێکەوتووان بتوانن بەبێ نیگەرانی لە ئاشکرابوونی ناسنامەیان یان زیانگەیشتن بە ئایندەی خوێندن و پیشەکەیان، پشتگیری وەربگرن.
5) دەستەبەرکردنی ڕوونی و وەڵامدەرەوەی دامەزراوەیی: داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی ڕوون بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەکانی گێچەڵی سێکسی، دەستەبەرکردنی پاراستنی ڕاپۆرتدەران و شایەتحاڵەکان و دروستکردنی پرۆسەگەلێک کە دەرفەتی چاودێری و وەڵامدەرەوەی گشتی بڕەخسێنێت.
6) داڕشتنی بەپەلەی چوارچێوەی پابەند بۆ پەیوەندییە پیشەیییەکان لە زانکۆدا: داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دیاریکراو سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار، پێناسەکردنی نموونەکانی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی، میکانیزمەکانی ڕاپۆرتکردن، پاراستنی ڕاپۆرتدەران و لێکەوتەکانی پێشێلکردنی بنەما ئەخلاقی و پیشەیییەکان بۆ ئەندامانی دەستەی زانستی، بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی زانکۆ.
ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئاسایشی زانکۆ تەنیا بە دەرکردنی حوکمە ئیدارییەکان دابین ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە گۆڕانکاری لەو پێکهاتانەدا هەیە کە دەرفەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، بێدەنگیی زۆرەملێ و پارێزبەندیی گێچەڵکاران دەڕەخسێنن. هاوڕێژەی ئەمەش، ئەم داخوازییە واژۆ دەکەین تا ڕایبگەیەنین کە نائەمنیی ڕاستەقینە، لە بوونی ئەو گێچەڵکارانەدایە کە بە پشتبەستن بە پارێزبەندی و دەسەڵات، هێشتا لەسەر کورسیی مامۆستایەتی و باڵادەستی دانیشتوون. ئێمە لە پاڵ گێڕەرەوەکانی دۆسیەی گێچەڵکاریی سێکسی لەلایەن مامۆستای بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان، جەماڵ محەمەدی، دەوەستین. چونکە بڕوامان وایە شکاندنی بێدەنگی، دەستپێکی داخوازییە و هاوپشتیی بەکۆمەڵیش، مەرجی بنیاتنانی فەزایەکی ئەمن، ئازاد و یەکسانە، لە زانکۆ.