سزای سێدارەی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن دیوانی باڵا پشتڕاست کرایەوە

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:٢٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سزای سێدارە و ١٦ ساڵ بەندکرانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، یەکێک لە کەسایەتییە ئایینیەکانی شاری بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە. مامۆستا محەممەد ماوەی یەک ساڵ و ٦ مانگ و ١٩ ڕۆژ دەستبەسەرکرانیدا لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆی بیبەش بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی ڕازینی سزای سێدارە و ١٦ ساڵ بەندکرانی مامۆستا محەممەد خزرنەژادی وەک خۆی پشتڕاست کردووەتەوە، محەممەد خزنەژاد مامۆستایی ئایینی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی بۆکانە.

ئەم کەسایەتییە ئایینیە پێشتر لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە دادوەری ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتی بە تۆمەتی فساد فی الارض سزای سێدارەی و بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات، سزای ١٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

دانیشتنی دادگای مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بووە و ئەم چالاکە ئایینیە کە زیاتر لە یەک ساڵە لە بەندیخانە دەستبەسەرە مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ئەم سزایە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات بەسەریدا سەپێندراوە و دادوەرەکە ئامادە نەبووە مافی بەرگری بە مامۆستا محەممەد بدات.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەڵارێزانی ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا.

ناوبراو بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، کوڕەکەی لە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرا.

دەستبەسەرکرانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە دوای ڕێوڕەسمی یادی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بووە کە ناوبراو لەم ڕێوڕەسمە لە مزگەوتی ئیفتخاری بۆکان وتاری پێشکەش کردبوو و ڕەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکوومەت لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتبوو.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد یەک ساڵ و شەش مانگ و ١٩ ڕۆژە لە دەستبەسەرگە بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی و لە بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە و بە بێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانباران بە پێی تاوانەکان ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە