گواستنەوەی مەهدی ئەسغەرزادە بەندکراوی مەزهەبیی کورد بۆ بەندیخانەی قزڵحیسار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٢:٢٠

هەنگاو، دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

مەهدی ئەسغەرزادە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە حەفتەی ڕابردووەوە لە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواستراوەتەوە. ناوبراو ١٠ ساڵ پێش دەستبەسەرکراوە و دوو ساڵ پێش سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەمە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٨ی جولای ٢٠٢٥)، مەهدی ئەسغەرزادە، بەندکراوی تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی جوانڕۆ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان بۆ ژووری تاکەکەسی لە بەندیخانەی قزڵحیسار گواسترایەوە. سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە دوو جار لە لایەن دیوان باڵا پشتڕاست کراوەتەوە و لە دادنامەی ناوبراودا باس کراوە کە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکرێتەوە. 

هەنگاو سەبارەت بە جێبەجێکرانی نهێنیی سزای سێدارەی مەهدی ئەسغەرزادە هۆشداری دەدات و داوا لە هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤی و نێودەوڵەتی دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ڕێگری لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە بخەنە گڕ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەهدی ئەسغەرزادە ساڵی ٢٧١٦ (١٣٩٥) پاش گەڕانەوەی لە سوریا، لە جوانڕۆ دەستبەسەرکراوە و دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە ژووری تاکەکەسی لە تاران گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و هەشت ساڵی ڕابردووی لەم بەندیخانەدا تێپەڕاندووە.

مەهدی ئەسغەرزادە پاییزی ٢٧٢٣ لە لایەن لقی دووی دادگای شۆرشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر «شاهرۆخ مورادی» بە تۆمەتی « ڕاپەڕینی چەکدارانە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران» سزای سێدارەی بە سەردە سەپێندرا و بە تۆمەتی « ئەندامێتی لە گروپی تێرۆریستی داعش» سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە کە، لە دادنامەی ئەم بەندکراوەدا کە کۆپییەکی لە دەستی هەنگاودایە، باس کراوە کە تەرمی ناوبراو دوای جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکرێتەوە.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە ئەم بەندکراوە مەزهەبیە کوردە لە پرۆسەی دەستبەسەرکرانیدا لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەکاندا بووە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ بە دژی خۆی بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە