دوایین ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر پێکدادانێکی چەکدارانە لە شنۆ؛ هاووڵاتییەکی مەدەنی و ئەندامێکی سوپا کوژراون

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٤٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سێ ڕۆژ دوای ڕوودانی پێکدادانێکی لە یەکێک لە گوندە سنوورییەکانی شاری شنۆ، هەنگاو زانیاریی نوێی بەدەست هێناوە. بەپێی ئەو زانیارییانە، هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانی خۆی لەدەست داوە. هەروەها لانی کەم سێ کەس لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون و یان بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٩ی جولای ٢٠٢٤)، هێزەکانی بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران لە گوندی "تاژاندەر" سەر بە شاری شنۆ گەمارۆی ماڵێکیان داوە و داوایان لەو کەسانەی کە لەنێو ماڵەکەدا بوون، کردووە کە خۆیان بەدەستەوە بدەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لەنێو ئەو ماڵەدا بوون، ئامادە نەبوون کە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوپای پاسداران بکەن. لەئاکامدا کاتژمێر ٤: ٣٠ بەرەبەیانی، هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لەو ماڵە کردووە کە ژمارەیەک کۆڵبەریش لەوێدا بوون. لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە، ڕامین خالیدی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

شایەتحاڵێک بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "دوای کوژرانی ڕامین خالیدی، شەڕە تەقە لەنێوان هەر دوو لایەنەوە دەستی پێکرد و کاتژمێر شەشی بەیانی تێکهەڵچوونەکە کۆتایی هاتووە. سوپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی ئاڕ پی جی، ئەو ماڵەیان کردووەتە ئامانج کە کوژرانی چەندین سەر لە ئەسبی کاسبکار و کۆڵبەرەکانیشی لێکەوتووەتەوە."

ئەو شایەتحاڵە کە ناسنامەی لەلایەن هەنگاو پارێزراوە، ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە ڕەوتی ئەو تێکهەڵچوونەدا کوژراوە و دوو کەسی دیکەشیان بریندار کراون. بێجگە لە ڕامین خالیدی، هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بووە و لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە بارمتە گیراوە. چەند گەریلای دیکەش کە لەو ماڵەدا بوون لە ناوچەی ڕوودانی ململانێکە دوور کەوتوونەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، نە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و نە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەسەر وردەکارییەکانی ئەو تێهەڵچوونە و زیانەکانی زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە. هەروەها هێشتا ئاشکرا نەکراوە ئەو کەسەی کە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە بارمتە گیراوە، هاووڵاتییەکی مەدەنی بووە یان لە گەریلاکانی پژاک بووە.

بەهۆی ئەمنییەتی بوونی ناوچەکە و دروستکردنی چەند خاڵی پشکنین، ڕاگەیاندنی زانیاریی ورد لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا مومکین نەبووە. هەنگاو لە ڕاپۆرتە پێشووەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ڕامین خالیدی ناسراو بە ڕامین شکاک، کۆڵبەر بووە کە بەهۆی ئەو زانیارییە هەڵە لە بەردەنگەکانی خۆی داوای لێبوردن دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە