ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی دوو کەس لە جاشەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە پیرانشار

٢١ خەرمانان ٢٧٢٦، ١٦:١٨

هەنگاو؛ شەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٦

لە ئەنجامی دوو هێرشی چەکدارانەی جیاواز لە شاری  پیرانشار، دوو کەس لە جاشەکان و ئەندامانی سوپای پاسداران و بەسیج بە ناوەکانی ئیسلام کاک دەروێشی و مەلا محەممەد نێزهەتی کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (١٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦)، ئیسلام کاک دەروێشی لە جاشەکان و ئەندامانی دێرینی سوپای پاسداران لە پیرانشار، بە هۆی  قورسیی برینەکانی لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەم شارەدا گیانی لەدەست دا.

ڕێکخستنی «خۆری هیوا» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی و چەند وێنەیەک، بەرپرسیارێتیی ئەم ئۆپراسیۆنەی گرتووەتە ئەستۆ. ئەم گرووپە هۆکاری ئامانجگرتنی ناوبراویان بۆ هەڵوێست و پشتگیریی بەردەوامی ناوبراو لە حکوومەت گەڕاندووەتەوە.

ئەم ڕێکخستنە بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە کەسی ناوبراو لە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، ناوی ئەوی لەسەر یەکێک لە شەقامەکانی گوندی کەوپەڕ داناوە و دروشمی «لبیک یا خامنه‌ای» لەسەر دەرگای ماڵی خۆی نووسیبوو.

ئەم ئەندامەی سوپا کە خەڵکی گوندی «کەوپەڕ» بوو، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وەک فەرماندە لە شارەکانی مەریوان، بانه و پیرانشاردا چالاکیی هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٦، مەلا محەممەد نێزهەتی ئەندامی چالاکی بەسیج و لە مەلایانی ئایینیی سەر بە سوپا لەلایەن کەسانی چەکداری ماتۆڕسوارەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و کوژرا. ناوبراو پێش نوێژی گوندی «چیانە» لە پیرانشار بوو.

«سوپای شووهەدای ئورمیه» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کوژرانی ناوبراوی پشتڕاست کردووەتەوە و وەک مامۆستایەکی ئایینیی هاوکار لەگەڵ «بەسیجی مامۆستایان، فەقێکان و مامۆستایانی ئایینی» ناوی بردووە. ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان حیزبەکانی کوردستانیان وەک بەرپرسیاری ئەم ئۆپراسیۆنە ڕاگەیاندووە.

بەم حاڵەشەوە تا ئێستا هیچ کام لە حیزبەکانی کوردستان و گرووپە چالاکەکان لە کوردستاندا بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە