کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ بۆ پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:١٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە کە لە چل ڕۆژ پێشترەوە لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە، لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین دۆسیەیەکی دیکەی بۆ کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە لەم دواییانەدا بە تۆمەتی بەغی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و لە یەک ساڵ پێشترەوە لە بەندیخانەی ئێڤین لە بەنددا بووە، بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەژێر ناوی "ئاژاوە لە بەندیخانە" لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا تۆمەتبار کراوە.

یەکێک لە کەسانی نزیک لەو بەندکراوە سیاسییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ هەنگاو، وتوویەتی کە: "لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ و هاوکات لەگەڵ قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکانی چواردەیەمین خولی سەرۆک کۆماری لە ئێران، پەخشان عەزیزی لە مافی هەرچەشنە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە."

پەخشان عەزیزی سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای "ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە دژ بە حکوومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرییەکەیان باغییە" سزای سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە "پژاک" سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی ناوبراو لە ڕۆژانی ٨ و ٢٧ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە و ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە حاڵێکدا بووە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.

پێشتر هەنگاو بەپێی گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی خۆی نووسیبووی کە هاوکات لەگەڵ ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەر کرابوون کە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کران.

شایەنی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەندێک هەنگاوی هەڵێنابۆوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە