پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٠٠:١٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، ئاریکاری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن کە لەم دواییانەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای "ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە دژ بە حکوومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرییەکەیان باغییە" سزای سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە "پژاک" سزای ٤ ساڵ بەندکرانی  بەسەردا سەپێندراوە. دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ٨ و ٢٧ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە و ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ بڕیاری دادگا بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لەحاڵێکدایە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەرکرانەکەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە.

هەنگاو لەم دواییانەدا نامەیەکی پەخشان عەزیزی بڵاو کردبووەوە کە لەوێدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە چەندین جار ئەشکەنجە دراوە و هەڵواسراوە. ناوبراو هەروەها ماوەی دوو حەفتەیە کە لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.

پێشتر هەنگاو بەپێی گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی خۆی نووسیبووی کە هاوکات لەگەڵ ئەو بەندکراوە سیاسییە، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەر کرابوون کە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کران.

شایەنی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەندێک هەنگاوی هەڵێنابۆوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە