ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان، سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

٥ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٩:١٩

هەنگاو؛ شەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بەناوبانگی مافی ژنان و خەڵکی سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان لەم دواییانەدا لەلایەن لەقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵات" سزای ١٠ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتە دژبەرەکان" سزای ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای ١ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێندرا.

دوایین دانیشتنی بەدواداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کوردە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و سزای دەرکراو ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بە بەکاربردنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی ٢١ ساڵ سزای بەندکران سەپێندراو، قورس ترین سزا واتا ١٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی هەمەدان شیاوی جێبەجێکرانە. پارێزەرانی خاتوون مودەڕیس گورجی بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرانبەر بە ئەم سزا قورسەیان تۆمار کردووە و دۆسییەکە بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا نێردراوە.

بەپێی سزای دەرکراوە، نموونەی سزاکانی جێ باسی دژ بە ژینا مودەڕیس گورجی "دامەرزاندنی ئەنجومەنی ژیوانۆ بە ئایدۆلۆژیای فێمینیستی و بە ئامانجی ڕووخاندن"، "بەشداری ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و دەربڕینی درووشمەکانی بنەماشکێنانە"، "پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕش"، "بەشداری لە کۆنفرانسەکان و خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی"، " بڵاوکردنەوەی دەق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی وڵات و تێکدانی بۆشایی کۆمەڵگا لە قۆناغی هەستیار دوای مردنی مەهسا ئەمینی" ناو براون.

هەروەها دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی " بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هاندانی خەڵک بۆ هەڵسوکەوتی توندوتیژانە"، دادگای تاوانی بۆ بەدواداچوونەوەی بەرپرسیار کردووە و دۆسییەکەی بۆ دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە هەناردووە.

جێ ئاماژەیە کە، بەڵگەنامەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە سزاکانی وەپاڵدراو و تۆمەتبار ناساندنی خاتوون مودەڕیس گورجی بەپێی ڕاپۆڕتەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بووە. هەروەها ئەم دادگایە جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانی ئەم چالاکەی مافی ژنانی لە بەندیخانەی سنەی بە هۆکاری "گومان بردن بە چالاکییەکانی تێکدەری ئەمنییەتی"ی وەکوو "گەندەڵی ئەمنییەتی" دەزانێت و بەپشتبەستن بە مادەی ٥١٣ی ڕێسای جێبەجێکرانی سزادان، سزای بە تێپەڕبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی هەمەدان داوە.

ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، دوای یەک مانگ گیرانی لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ژنانی سنە بۆ ژووری گشتی گواسترایەوە، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕفێندرا. ناوبراو ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی هەر ئەو ساڵە دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی قورسی پێنج ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەر کرانی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە لە ٨ی خەزەڵوەری ئەو ساڵە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە