موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:١١

هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای بەندکرانی موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد و لە چالاکانی بواری مافی زمانی دایکیی خەڵکی کەلاردەشت، دوای قبووڵکردنی داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات و گەڕاندنەوەی دۆسیەکەی بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ساری بۆ یەک ساڵ بەندکران گۆڕدرا. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو و سزای ٦٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای بەندکرانی موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانی خەڵکی کەلاردەشت سەر بە پارێزگای مازەندەران، دوای قبووڵکردنی داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی ناوبراو لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات و گەڕاندنەوەی دۆسیەکەی بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ساری، بۆ یەک ساڵ بەندکران گۆڕدرا.

شایەنی باسە کە، مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ داوای ئازادیی موژگان کاووسی لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ساری ڕەت کرایەوە و لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ەوە سزای بەندکرانەکەی خۆی بەشێوەی ڕای باز لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕ دەکات.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی کەلاردەشت دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی خۆی بۆ بەندیخانەی تونەکابۆن گواسترایەوە.

موژگان کاووسی پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ساری بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی وڵات" سزای ٣٩ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا بەرانبەر بە ٣٩ مانگ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانەکەی بۆ ناوبراو بە جێبەجێکراو ڕاگەیەندرابوو.

ئەو چالاکە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢ دوای تێپەڕکردنی ١٠٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بێبەریکران لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی قائیمشار ئازاد کرابوو.

موژگان کاووسی، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ و هاوکات لەگەڵ ڕۆژانی سەرەتایی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ماڵەکەی خۆی لە کەلاردەشت دەستبەسەر کرابوو و دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ بەندیخانەی تونەکابۆن گواسترایەوە.

ئەو لێکۆڵەرە کوردە پێشتر بەهۆی چالاکییەکانی خۆی لە خەزەڵوەری ٢٧١٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە