سنە؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی ژینا مودەڕەس گورجی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

١٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٣:٢٣

هەنگاو؛ شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

ژینا مودەڕەس گورجی، ڕۆژنامەوانی کورد، چالاکی مافی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دوای بانگکران و چوونی بۆ ناوەندی بەڕێوەبەری سزاکانی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ١٦ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ژینا مودەڕەس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی ژنان خەڵکی سنە دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم شارە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە. سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە لەم دواییانەدا بۆ ٢٨ مانگ بەندکران گۆڕدرا بوو کە ١٦ مانگی دەبێت جێبەجێ بکرێت.

هەنگاو زانیویەتی کە بە هەژمارکردنی چوار مانگ دەستبەسەرکردنی ژینا مودەڕەس گورجی، ناوبراو دەبێت یەک ساڵ لە بەندیخانە بێت.

ئەم هاووڵاتییە لەم دواییانەدا بە بڕیاری لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە بە تۆمەتەکانی وەکوو پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت سزای ١٦ مانگ بەندکران و پڕوپاگەندە دژی حکوومەت یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها لە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتانی دوژمن بێ تاوان دەچووە و سزای دوورخرانەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان هەڵوەشێندرایەوە.

ئەم چالاکە کوردە پێشتر بە کۆی گشتی سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دەبوو ١٠ ساڵی جێبەجێ بکرێت، دوای ئەوەی کە سەبارەت بەو حوکمەی کە لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەوە درابوو ناڕەزایەتی دەربڕی و سزاکەی گۆڕدرا. شایانی باسە کە دۆسیەکەی لە لایەن هەر یەک لە پارێزەران ساڵح نیکبەخت و تاهیر (شۆڕش) تەوحیدی بەئەستۆ گیردرابوو.

ژینا مودەڕەس گورجی پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی "پێکهێنانی لایەن و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخانی حکوومەت" بە ١٠ ساڵ سزای بەندکران، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ گرووپەکان و وڵاتانی دوژمن" بە ١٠ ساڵ سزای بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" بە ١ ساڵ سزای بەندکران و دوورخرانەوەی بۆ بەندیخانەی ئەلوەندی هەمەدان مەحکوم کرابوو.

دوایین دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کوردە کە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوە چوو و حوکمی دەرچوو ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایەگەیاندبوو کە، ئەو تۆمەتانە دروانەتە پاڵ ژینا مودەڕەس گورجی "دامەزراندنی ڕێکخراوی ژیوانۆ بە ئایدۆلۆژی فێمێنیستی بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت"، "بەشداری ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و دەربڕینی دروشمی تێکدەرانە، پەیوەندی گرتن لەگەڵ دژبەرانی شۆڕش"، "بەشداری لە کۆنفڕانسەکان و کارگەکانی پەروەردەیی نێونەتەوەیی"، "بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا بیانییەکان بە مەبەستی خراپ نیشاندانی دۆخی وڵات" و "ئالۆزکردنی کەشی کۆمەڵگا لە کاتێکی هەستیاردا" دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بوون.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی هەروەها بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان و هاندانی خەڵک بۆ کردەوەی توندوتیژی"، دادگای تاوانەکانی بە بەرپرسیاری پێڕاگەیشتنی دۆسیەکەی ناساند و دۆسیەکەی بۆ دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە ناردبوو.

ژینا مودەڕەس گورجی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گوڵانی ٢٧٢٣، دوای یەک مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە، بۆ بەندی گشتی گواسترایەوە. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە کاتی گەڕانەوە و لە ڕێگەی شوێنی کارەکەی بۆ ماڵی خۆیان، لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ئەو ساڵە دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی قورسی پێنج ملیاری بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکی مافی ژنانە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە لە ٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە