بەندیخانەی ئێڤین؛ بێبەشکرانی پەخشان عەزیزی لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی

٢٦ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٣٩

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، ئاریکاری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن کە بە "بەغی" تۆمەتبار کراوە، لەبەرەبەری یەکەمین ساڵی دەستبەسەرکرانی، لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ماوەی دوو حەفتەیە کە پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد و دەرچووی بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتی، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤینەوە، مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی گرتنی لێ وەرگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەزیزی، ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو هەوڵی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بەمەبەستی پەیوەندیگرتن و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو لە بەندیخانەدا ئاکامێکی نەبووە و هەر ئەوە نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی پەخشان عەزیزی لێ کەوتۆتەوە.

پەخشان عەزیزی ماوەی ٣٤٧ ڕۆژی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و زستانی ساڵی پار لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئەمنییەتی ئێڤین، بە "بەغی" لە ڕێگای"ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات" تۆمەتبار کرا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

پێشتر هەنگاو بەپێی گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی خۆی نووسیبووی کە هاوکات لەگەڵ ئەو بەندکراوە سیاسییە، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەر کرابوون کە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کران.

شایەنی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەندێک هەنگاوی هەڵێنابۆوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە