بەندیخانەی ئێڤین؛ بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی وریشە مورادی و بێبەشکرانی ناوبراو لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی

٦ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٠:٢٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤

وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و ئەندامی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، کە ٣٩٢ ڕۆژی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و زیاتر لە سێ مانگە بە فەرمانی دادوەر سەڵەواتی لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە، لە لایەن لیژنەی ئینزباتیی بەندیخانەی ئێڤینەوە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ ماوەی دوو مانگی دیکەش لەو مافە بێبەش کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕێکەوتی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی ژنی بەندیخانەی ئێڤین لە لایەن لیژنەی ئینزباتیی ئەو بەندیخانەیەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کراون. هەروەها ١٤ی گەلاوێژ دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی وریشە مورادی دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دادگا بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی بۆ کاتێکی دیکە دوا خرا.

دوای جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سەحنە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" ژمارەیەک لە بەندکراوانی ژنی بەندیخانەی ئێڤین لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ ناڕەزایەتییان دەربڕی کە تێکهەڵچوونی ئەو بەندکراوانە و نگابانەکانی بەندیخانەکەی لێکەوتەوە و لەلایەن لیژنەی ئینزباتییەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کران.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی لە دادگا ئامادە نەبوو و پارێزەرەکانی دۆسیەکەی لەو دادگایەدا ئامادە بوون و بە دادوەر سەڵەواتییان ڕاگەیاندبوو کە وریشە مورادی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی لە دادگادا ئامادە نەبووە و دادوەر دادگاکەی بۆ کاتێکی دیکە دوا خستەوە.

هەروەها، دانیشتنی یەکەمی دادگای ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبوڵقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە کەژار بەڕێوە چوو کە لەو دانیشتنەدا ئیزنی بەرگری بە وریشە و پارێزەرەکانی نەدرا.

ئەو هاووڵاتییە ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ بە فەرمانی دادوەر سەڵەواتی بەمەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە و لەگەڵ پەخشان عەزیزی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بەو گواستنەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

وریشە مورادی لە ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە بە فەرمانی دادوەر سەڵەواتی لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە و پارێزەرەکانی تا ئێستا نەیانتوانیوە دۆسیەکەی ببینن و بیخوێننەوە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ لەلایەن لێپرسی لقی ٥ی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی تاران بە "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" تۆمەتبار کرا و دۆسیەکەی دوای دەرکردنی داوای دادگاییکردن لە لایەن داواکاری گشتییەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی گەڕێندرایەوە.

وریشە مورادی ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣، دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەو ساڵە، دوای لێپرسینەوە و ئەشکەنجدرانی لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی داندرابوو.

شایەنی باسە کە، وریشە مورادی، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگای مەریوان_سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوو ناوبراو لە کاتی ڕفاندنی بە سەختی لێیدرابوو و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگەی سنە گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە