وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە زیاتر لە حەوت مانگە کە لە مافی چاوپێکەوتن بێبەشە
هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
وریشە مورادی، چالاکی سیاسی، پارێزەری مافەکانی ژنان و ئەندامی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، زیاتر لە حەوت مانگە کە لە مافی چاوپێکەوتن بێبەش بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە کە لە بەندیخانەی ئێڤین بەندکراوە، ماوەی ٢١٨ ڕۆژی ڕابردووی بە بێ مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها پارێزەرەکانی، تێپەڕ کردووە.
بێبەشبوون لە چاوپێکەوتنی وریشە مورادی بە بڕیاری دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، دەستیپێکرد و بە گوشاری ناوبراو، هەروا درێژەی هەبووە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر (١٠ی ئۆکتۆبەر) و هاوکات لەگەڵ (ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە) بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە سەپاندرانی سزای سێدارە و لەسێدارەدرانی چالاکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مانی لەخواردن گرت، کە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی خایاند.
وریشە مورادی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامییەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
دوایین دانیشتنی دادگای وریشە مورادی لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ بەڕێوە چووبوو و پارێزەرەکانی ناوبراو لە ڕەوتی یەکەمین (٢٧ی جۆزەردان) و دووەمین دانیشتنی دادگاییەکەیدا مافی خوێندنەوەی دۆسییەی ناوبراویان پێنەدراوە و تەنانەت وریشە مورادیش مافی پارێزگاریکردن لەخۆی پێنەدراوە.
ناوبراو خەزەڵوەری ئەمساڵ لە دۆسییەیەکی هاوبەشی جیاواز لەگەڵ چوار بەندکراوی سیاسیی دیکەی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین لە لایەن دادگای تاوانەکانی دووی دادوەری قودسی تاران بە سەرۆکایەتی ئەبولفەزل عامری شەهرابی سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
وریشە مورادی ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون لە ژووری تاکەکەسیی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٣، دوای لێپرسینەوە و ئەشکەنجدرانی لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابوویەوە.
ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگای مەریوان_سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوو ناوبراو لە کاتی ڕفاندنی بە سەختی لێیدرابوو و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگەی سنە گواسترابوویەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکانی پێشووتری هەنگاو، ئەشکەنجەکانی وریشە مورادی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە تا ڕادەیەک توند بووە کە ناوبراو لە حاڵەتێکدا خوێنی هەڵهێناوەتەوە و بە تەواوی لە هۆش چووە.