پەخشان عەزیزی لە چاوەڕوانیی سزای دیوانی باڵادا؛ بەردەوامیی بێبەشی لە مافی چاوپێکەوتن
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سزای سێدارە، لە ١٢٥ ڕۆژ پێشترەوە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە. دۆسیەی ئەو بەندکراوە سیاسییە نزیکەی بیست ڕۆژ پێشتر بۆ دیوانی باڵا نێردراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاراندایە، لە حاڵێکدا کە لە ماوەی ١٢٥ ڕۆژی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکانی چواردەیەمین خولی سەرۆک کۆماری لە ئێران، لە مافی چاوپێکەوتن بێبەش کراوە چاوەڕێی ڕای دیوانی باڵای وڵاتە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە، پەخشان عەزیزی، بێجگە لە قەدەغەکردنی تەواویی مافی چاوپێکەوتنی لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوودا، تا سێ حەفتە پێشتر لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنیش بێبەش بووە. هەروەها هەوڵەکانی ئەمیر ڕەئیسیان و مازیار تاتایی، پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو بەندکراوە سیاسییە درێژەیان هەبووە.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لە لایەن لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" ڕووبەڕوو کرایەوە و سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەندێک هەنگاوی هەڵێنابۆوە.