پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە ١٥٠ ڕۆژە لە مافی دیتنی بنەماڵە و پارێزەکانی بێبەشە/ نیگەرانیی پارێزەرەکانی لە دەستتێوەردانی ئەمنی لە دادگای پیداچوونەوە

١٥ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٩:٤٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ماوەی ١٥٠ ڕۆژە مافی دیتنی بنەماڵە و پارێزەکانی لێ زەوت کراوە و پارێزەکانی لەسەر دەستتێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر بێبەری کردنی تۆمەتی «بەغی» لە دوای داوای پێداچوونەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد ماوەی ١٥٠ ڕۆژە لە مافی دیتنی بنەماڵە و پارێزەرەکانی بێبەشە، پەخشان هاوکات لەگەڵ دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران لەم مافە بێبەش کرا. پەخشان عەزیزی، هاوکات لەگەڵ بێبەش بوونی لە دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی، تا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنیش بێبەش بوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەمیر ڕەئیسیان، یەکێک لە پارێزەکانی پەخشان عەزیزی، لەسەر دۆسیەکەی بە میدیاکانی ڕاگەیاند،، لەگەڵ ئەوەی بەڵگەی سەلمێندراو لەسەر چالاکییە مافی مرۆڤییەکانی پەخشان عەزیزی لە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکانی دەستی داعش ڕادەستی لقی دیوانی بەرز کراوە، بەڵام هەواڵەکان دڵخۆشکەر نین و هیوای بێبەری بوون لە تۆمەتی بەغی و هەروەها سزای سێدارە زۆر کەمە.

ئەم پارێزەکە چەندین بەڵگەی فەرمی لە دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی وڵاتی سووریا لەسەر هەوڵە مافی مرۆڤییەکانی پەخشان عەزیزی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، سەرەڕای ئەوەیکە بێتاوانی و بێبەری بوون پێویستی بە سەلماندن نییە بەڵام ئێمە بەڵگەی سەلمێندراومان داوەتە دیوانی بەرزی وڵات.

ئەم دوو ڕێکخراوە بە ناوەکانی ڕێکخراوی پەرەپێدان و تواناسازی شەمس و ڕێکخراوی هەیڤا سووری کوردی، لە وڵاتی سووریا بە شێوەی فەرمی تۆمار کراون و چالاکیی دەکەن.

هەروەها مازیار تاتایی، یەکێکی دیکە لە پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی، بە ئاماژە بە بەڵگە و داکیومنتەکانێکە لەسەر داوای پێداچوونەوەدا هاتووە، ڕایگەیاند، هیوادارین لقی پێداچوونەوەی دیوانی بەرزی وڵات بەبێ هیچ پەلەیەک و بە تێبینی و وردبینییەوە لەسەر بەڵگەکان، سزای سێدارەکە هەڵوەشێنێتەوە.

ئەم پارێزەرە نیگەرانی خۆی لە بەپەلەبوون و هەروەها وردنەبوونەوە لەسەر بەڵگەکان لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە دەربڕی.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لە لایەن لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" ڕووبەڕوو کرایەوە و سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەندێک هەنگاوی هەڵێنابۆوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە