سەقز؛ دەستبەسەرکرانی فەردین مستەفایی ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان

٢٨ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٦:١٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤

فەردین مستەفایی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامیی "سەقز ڕووداو" و ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە جادەی بانە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، فەردین مستەفایی، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی سەقز، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی "سەقز ڕووداو" و ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە لە کافەیەک لە جادەی بانە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

شایانی باسە کە، ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووشدا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر کێشەی هاووڵاتییانی شاری سەقز لە کەناڵی تێلێگرام، و بە سکاڵای فەرمانداری ئەو شارە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان و تێکدانی بیروڕای گشتی" بانگ کرابووە پۆلیسی فەتا و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە بەڵام هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دەستبەسەرکرانی ناوبراو لە درێژەی گوشارخستنە سەر ڕۆژنامەنووسانی سەقز لە لایەن جەعفەر تەوان، فەرمانداری ئەو شارەوە بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە