بەردەوامیی دەستبەسەركرانی تیمی میدیایی “ئاڤا میدیا” لە یەكێک لە دەستبەسەرگەكانی ئورمیە

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢٣:٥٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

چوار ئەندامی تیمی میدیایی «ئاڤا میدیا»، بە ناوەكانی عومەر ئەحمەد، ناسراو بە “ڕەسۆكە”، پێشكەشكاری خەڵكی “قەڵادزێ”ی هەرێمی كوردستان، مامەند حەسەنپوور، بەرهەمهێنەر و هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە لەگەڵ كامێرامانی ئەم تیمە بە ناوی ئاوارە (ناوبانگی بنەماڵەیی نادیار)، و شۆفێری تیمەكە، كە هەفتەی ڕابردوو لە لایەن ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردەشت دەستبەسەر كراون، تا ئێستا لە یەكێك لە دەستبەسەرگەكانی ئورمیە ڕاگیراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عومەر ئەحمەد، پێشكەشكاری بەناوبانگی تەلەڤزیۆنی خەڵكی شاری قەڵادزێی سەر بە هەرێمی كوردستان لەگەڵ سێ هاوكاری لەوانە مامەند حەسەنپوور، بەرهەمهێنەر و هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە و ئاوارە، كامێرامانی خەڵك هەرێمی كوردستان و هەروەها شۆفێری ئەم تیمە، سەرەرای تێپەڕینی ٧ ڕۆژ لە دەستبەسەركرانەكەیان تا ئێستا بە شێوەیەكی ناڕوون لە یەكێك لە دەستبەسەرگەكانی ئورمیە ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەم هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەركرانیان بۆ یەكێك لە دەستبەسەرگە ئەمنییەكان لە ئورمیە گواستراونەتەوە.

ئەم هاووڵاتییانەی تیمی میدیایی “ئاڤا تی ڤی” ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٣ی دیسەمبری ٢٠٢٥)، لە كاتی ڕووماڵی دوویەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی “بەیت و حەیران” لە لایەن هێزەكانی ڕێكخراوی سوپای پاسداران لە سەردەشت دەستبەسەر كران.

تا ئەم كاتە، ناوەندە حكوومەتییەكانی كۆماری ئیسلانیی ئێران هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لە بارەی دەستبەسەركردنی ئەم هاووڵاتییانەی نەداوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە