سەردەشت؛ دەستبەسەرکردنی "عومەر ئەحمەد" ناسراو بە "ڕەسوکە"
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
عومەر ئەحمەد، ناسراو بە "ڕەسوکە"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان و ڕێپۆرتێری کەناڵی "ئاوا تی ڤی"، هاورێ لەگەڵ چوار کەسی دیکە لە وێنەگر و هاوکارانی ئەو تۆڕە میدیاییە، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، عومەر ئەحمەد، ڕێپۆرتێری بەناوبانگی تەلەفزیۆنی و خەڵکی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ چوار هاوکاری خۆی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەرکردنی عومەر ئەحمەد و هاوکارەکانی لە کاتی ڕووماڵکردنی دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی "بەیت و حەیران"ی سەردەشت ئەنجام دراوە.
هەتا ئکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دەزگا حوکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە و نادیارییەکان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییانە بەردەوامە.