کەرەج؛ دەستبەسەرکرانی ئەژدەر پیری لێکۆڵەر و سەرنووسەری گۆڤاری نێودەوڵەتی "توێژینەوەی گەلان" بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی بانەمەری ٢٧٢٥
ئەژدەر پیری لێکۆڵەری کورد و خەڵکی ئورمیە و سەرنووسەری گۆڤاری مانگانەی "توێژینەوەی گەلان" بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی کەرەج گوازرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٤ی مەی ٢٠٢٥) ئەژدەر پیری تەمەن ٣٦ ساڵ و سەرنووسەری گۆڤاری نێودەوڵەتی "لێکۆڵینەوەی گەلان" بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی بەندکرانی یەک ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندی کەرەج.
ئەژدەر پیری لە ناوەڕاستی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆرشی کەرەج بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی حکوومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
سەرچاوەیەک لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ئەژدەر پیری سەرەرایی یەک ساڵ بەندکران، بە ناوی سزای تەواوکەر، سزای دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە سۆشیال میدیادا بەسەری سەپێندراوە.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە شاری کەرەج هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەژدەر پیری و دەستبەسەریان کردبوو.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و لەبتابەکەیدا گرتووە.
ئەژدەر پیری لە ئاکامدا دوای ٢٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و تا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.