بۆکان؛ کوژران و برینداربوونی ٧ ئەندامی سوپای پاسداران لە پێکدادانێکی چەکداری

١٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٣:٥٩

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە نزیکی شاری بۆکان لانی کەم ٤ ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و سێ کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون کە یەکێک لەوان بە هۆی سەختی برینەکانی بە هەلیکۆپتەر ڕەوانەی شاری ئورمیە کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە خاڵی پشکنینی جادەی بەنداوی بۆکان پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو ڕووی داوە.

لەم بارەوە سەرچاوەیەک بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: " لەم پێکدادانەدا لانی کەم ٤ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و ٣ کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون و هەموویان بۆ نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان گواستراونەتەوە."

هەنگاو زانیویەتی کە، یەکێک لە بریندارەکان کە کادیری سوپای پاسداران بووە بە هۆی سەختیی برینەکانی بە هەلیکۆپتەر بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە گواستراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکان هۆشداریان بە کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان داوە لە ئەگەری بڵاوکردنی هەر زانیارییەک و دەستیان بەسەر مۆبایلی چەند پێرسۆنێلێکی نەخۆشخانەکەدا گرتووە.

شایانی باسە کە دوای پێکدادانەکە ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی مێلیتاریزە کراوە و هەرجۆرە هاتوچوویەک لە جادەی بەنداو قەدەغە کراو تەنانەت ڕێگەیان بەو کەسانەیش نەداوە کە بۆ کاری کشتوکاڵ دەچنە ئەو ناوچەیە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، میدیا فەرمییەکانی سوپای پاسداران هیچ جۆرە زانیارییەکیان لەم بارەوە بڵاو نەکردووەتەوە و هیچ حیزب و لایەنێکی کوردستانی ئەم پێکدادانەی وەئەستۆ نەگرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە