لوڕستان؛ ژنکوژی/خۆکوشتنی فاتمە مورادپوور بەهۆی لەژێر گوشاردانانی ناوبراو بەمەبەستی هاوسەرگیریی زۆرەملێ

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:٥٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵی دانیشتووی شاری ڕومێشکانی سەر بە پارێزگای لوڕستان، بە ناوی فاتمە مورادپوور، دوای ئەوەی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بۆ منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەژێر گوشار داندرابوو هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، فاتمە مورادپوور، تەمەن ١٥ ساڵ و دانیشتووی شاری ڕومێشکان لە دوای زەخت و گوشاری بنەماڵەکەی بەمەبەستی هاوسەرگیریی ناوبراو لەگەڵ پیاوێکی خێزاندار خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە، فاتمە بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی خێزانداری تەمەن ٤٠ ساڵ لە لایەن بنەماڵەکەیەوە لەژێر گوشار داندرابوو و دوای ئەوەی چەندین جار دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەو هاوسەرگیرییە ڕاگەیاندبوو لە ئاکامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران منداڵ هاوسەری نە تەنیا تاوان نییە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لە پڕۆپاگەندە ئایدیۆلۆژیکەکانی خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەدا، بنەماڵەکان بۆ منداڵ هاوسەری هان دەدات. بەپێی ستانداردە مافی مرۆڤییەکان دانانی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ لە بارودۆخی پەیوەندیی سۆزەکی و سێکسی لە لایەن گەورەترەکانییانەوە تاوانە و لە زۆر یەک لە حاڵەتەکان دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئەو منداڵانە بە هەژمار دێت و لەو وڵاتانەی کە بنەمای یاسای سزادانیان مافی مرۆڤییە، سەپاندنی سزای قورسی لێ دەکەوێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە