هەرسین؛ ژنکوژی/خۆکوشتنی فاتیما سولەیمانی، منداڵی تەمەن دوازدە ساڵ بەهۆی لەژێر گوشار دانانی بەمەبەستی هاوسەرگیریی زۆرەملێ

١٣ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٨:١٦

هەنگاو؛ دووشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، منداڵێکی تەمەن دوازدە ساڵی خەڵکی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان بەناوی فاتیما سولەیمانی، لە دوای ئەوەی بەمەبەستی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ یەک لە خزمەکانیان لە لایەن باوکییەوە لەژێر گوشار داندرا و هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو، هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، فاتیما سولەیمانی، تەمەن ١٢ ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین، کە بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری لەگەڵ یەک لە خزمەکانیان، لە لایەن باوکی بەناوی بەهمەن (فەرەهمەند) سولەیمانی «بە سەختی لێی درا و هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو» خۆی هەڵواسی و بەو شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، فاتیما دوای ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری لەگەڵ خوازبێنەکەی (برای هاوژینی خوشکەکەی)، لە لایەن باوکییەوە لەژێر توندوتیژیی زارەکی و فیزیکی داندرابوو و سەبارەت بە ئەگەری دانەوەی وەڵامی ڕەت بەو داوایە بۆ جاری دووەم، هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو. ئەو منداڵە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە خۆی دەکوژێت.

شايانی باسە کە، بەهمەن سولەیمانی لە پزیشکی یاسایی کوتویەتی کە، ئاسەواری لێدان لەسەر جەستەی فاتیما بەهۆی کێشەی نێوان ئەو و برا شەش ساڵانەکەی بووە و لە لایەن ئەو منداڵەوە بریندار کراوە.

ژنکوژی/خۆکوشتن بەرهەمی شێوەیەک لە گوشاری ڕێکخراوانە بەپێی ڕەگەز و دژ بە ژنان و کچانە کە بەهۆکاری ژنبوون و ڕەگەزیانەوە ئەنجام دەدرێت. بەهۆی ئەو گوشارانە ژن یان کچ هیچ ڕێگایەک بێجگە لە سڕینەوەی فیزیکیی خۆی نابینێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت پێشنیاری خوکوشتن بە ژنان یان کچان دەدرێت و کەرەستەی خوکوشتنیان بۆ دەستەبەر دەکرێت تا بوخۆیان خۆیان لەناو ببەن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بەو شێوە لە خۆکوشتنی ژنان کە نموونەیەک لە سڕینەوەی کۆمەڵایەتی و فیزیکییان لە بۆنە پیاوسالارەکاندایە هۆشداری دەدات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە