ژنکوژی؛ کوشتنی نازەنین بەلووچی، قوربانی منداڵ هاوسەری بە پاساوی پاراستنی شەرەف و نامووس

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٤:٤٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی نازەنین بەلووچی، قوربانی منداڵ هاوسەری لەلایەن ئامۆزای خۆیەوە لە نیکشار سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە پاساوی پاراستنی شەرەف و نامووس کوژراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان ٢٧٢٤ (٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ نازەنین بەلووچی، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی نیکشار، کە لە تەمەنی ١٤ ساڵاندا بە زۆر هاوسەرگیری پێ کراوە، سێ هەفتە لە دوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەیەوە لەلایەن ئامۆزای خۆیەوە بە چەکی کۆڵت کوژراوە. دوو فیشەک بەر سەری ئەم کچە کەوتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار،، بکوژ بە ناوی «ئا، ب» ڕۆژی هەینی ١٦ خەرمانان، دوای بیستنی جیایی نازەنین لە هاوژینەکەی، سەردانی شوێنی ژیانی نازەنینی کردووە، لەدوای لێدان و بێرێزی ویستوویە ناچاری بکات کە دان بەوەدا بنێت کە هۆی پەیوەندی لەگەڵ کەسی دیکە جیابووەتەوە، نازەنینیش ئەو شتەی قەبوڵ نەکردووە و ڕایگەیاندووە تەنانەت مۆبایلی نییە و هیچ ڕێگای پەیوندی لەگەڵ کەسی دیکە نییە، و بە ناوبژیوانی خزم و و کەسووکاریان ئەو ڕۆژە نازەنین نەکوژراوە.

بکوژ سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر (شەممە ١٧ی خەرمانان) بۆ جاری دیکە چووەتە ماڵی نازەنین و لە پێش چاوی خوشکە پازدە ساڵانەکەی بە کۆڵت و تەقە لە سەری نازەنینی کوشتووە، و دواتر تەلەفۆنی کردووە بۆ کەس و کاری و ڕایگەیاندووە کە لە کاتیکدا نازەنین پاڕاوەتەوە کە نەیکوژێت، بەڵام ئەو کوشتوویەتی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە