کرماشان؛ هانا ڕەکان تەمەن ١٦ ساڵ لەلایەن باوکییەوە کوژرا

١٠ خەرمانان ٢٧٢٦، ١٢:٠٦

هەنگاو؛ سێشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٦

منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی کرماشان بە ناوی هانا ڕەکان لەلایەن باوکییەوە بە شێوازێکی دڕندانە و لە کاتێکدا کە لە خەودا بوو، کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، هانا ڕەکان تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتێکدا کە لە خەودا بوو، بە تەقەی دەمانچە لەلایەن باوکییەوە بە موجتەبا مجتەبا ڕەکان کوژرا.

هەنگاو زانیویەتی کە هانا ڕەکان ساڵانێک لەژێر کۆنتڕۆڵی دژواری پیاوسالارانە و پێکهاتەی بنەماڵەییی توندوتیژدا بووە. ناوبراو تەنیا تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی خوێندبووی و لە مافی درێژەدان بە خوێندن بێبەش کرابوو. هەروەها باوکی لە هەبوونی مۆبایلی تایبەتی بێبەشی کردبوو. 

بەوتەی نزیکانی ئەو بنەماڵەیە، باوکی بنەماڵەکە پێشتریش پێشینەی هەڵسوکەوتی توندوتیژانە و ئازار و ئەشکەنجەدانی هاوژین و منداڵەکانی هەبووە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ماوەیەک یەکێک لە ئاشناکانی ئەم بنەماڵەیە بەبێ ئاگاداری و ویستی هانا خوازبێنی لە ناوبراو کردبوو. هاتنەئارای ئەم بابەتە و ئەگەری ئەم تێڕوانینەی کە ئەم کەسە لە پێشترەوە لەگەڵ هانادا لە پەیوەندیدا بووە، بووەتە هۆی تووڕەییی مجتەبای باوکی و شەوی شەممە بە بەکارێنانی دەمانچە و کاتێک هانا لە خەودا بووە گولەیەکی لەسەری داوە و کوشتوویەتی.

کوشتنی هانا ڕەکان ڕوویەکی دیکەی بەردەوامیی ژنکوژی، توندوتیژیی ناوخێزان و یاسا جیاکارییەکانە کە بە بەتاوان‌نەنوساندنی پێویست و بەخشینی دەسەڵاتی ڕەها بە دایک و باوک، بەستێنی کوشتنی کچان و ژنان بە پاساوی پاراستنی شەرەف و کۆنتڕۆڵی پیاوسالارانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەڕەخسێنێیت.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە