ژن کوژی/خوکشتن؛ کچێکی قوتابی تەمەن ١٧ ساڵ دوای ئامادەبوونی هێزەکانی سوپای پاسداران لە شاری پاوە خۆکوژی کرد

٢٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٠:٣٩

هەنگاو؛ شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

دونیا فەرهادی، قوتابی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی نەوسوود، دوای هەڵاتنی لە قوتابخانەکەی لە شاری پاوە و بە ئامادەبوونی هێزەکانی سوپای پاسداران، لە ترسی ئەوان هەوڵی خۆکوژیی و گیانی لە دەست دا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، دونیا فەرهادی، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ، دوای هەڵاتنی لە قوتابخانە چووەتە بینایەکی چۆڵ لە نزیکی قوتابخانەکە و دوای هاتن و دیتنی هێزەکانی سوپای پاسداران، لە ترسی ئەوان هەوڵی خۆکوژی و گیانی لە دەست داوە.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، دونیا فەرهادی قوتابیی قوتابخانەی «ام المؤمنین عایشە» پاوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە هەوڵ و پێداگریی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە ناوی سووسەن ئەحمەدی، دەچووە قوتابخانە.

سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە، ڕۆژی شەممە دوای ئەوەی کە دونیا درەنگتر ڕۆیشتبووە قوتابخانە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لێپرسینەوەی لە ناوبراو کردبوو کە دواتر دونیا لە قوتابخانە هەڵدێت و دوای هەڵاتنەکەی، بەڕێوەبەری قوتابخانە پەیوەندی بە هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەگرێت و بۆ گەڕاندنەوەی دونیا داوای یارمەتی لەوان دەکات.

بە وتەی شایەتحاڵێک، دونیا فەرهای دوای هەڵاتنی لە قوتابخانە پەنای بۆ بینای چۆڵی بانکی کشاوەرزی بردووە و دوای بینینی هێزەکانی سوپای پاسداران، خۆی لە بیناکە فڕێ داوەتەوە خوارەوە و بە هۆی بەرکەوتنی مێشکی هەر لەو کاتەدا گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە تەرمی دونیا کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ نەخۆشخانەی قودسی پاوە گواسترابووەوە و پێش چوونەناوی تەرمەکە بۆ نەخۆشخانە، کەشی دەوروبەر لە لایەن هێزەکانی پاراستنەوە بە توندی ئەمنی کرابوو.

شایەتحاڵان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە، هێزەکانی سوپای پاسداران دوای گواستنەوەی تەرمی دونیا بۆ نەخۆشخانە، بە دروستکردنی کەشێکی ئەمنییەتی فیلمیان لە تەرمی دونیا هەڵگرتووەتەوە.

بە پێی لێکۆڵینەوەی هەنگاو، دایک و باوکی دونیا لە یەکتر جیا بوونەتەوە و دونیا بە شێوەیەکی حەفتانە لە لای دایک و باوکی ژیانی دەکرد، ناوبراو هەر بەم هۆیەوە ناچار بووە لە شاری نەوسوود بۆ قوتابخانەیەک لە پاوە بچێت. دونیا بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی ئامادە نەبوو بچێتە قوتابخانە و درێژە بە خوێندن بدات.

لە ئێران منداڵانی تەڵاق بەرەوڕووی کێشەگەلێکی زۆرن کە ئەتوانێ ئەو منداڵانە بەرەو قەیرانی دەروونی و تەنانەت خۆکوژی ببات. نەبوونی پاڵپەشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و جیا لەوەش کەشی نیزامی قوتابخانەکان بۆ ئەم منداڵانە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە هەست بە تەنیایی، لەخۆدوورخستنەوە و بێ پەنایی بکەن. لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەدا، ئەم منداڵانە ڕووبەڕووی کێشەی توندی بنەماڵەیی وەکوو ناکۆکیی دایک و باوک، گۆڕینی بەردەوامی شوێنی ژیان و نەبوونی سەقامگیری سۆزداری دەبنەوە.

هەروەها نەبوونی سیستەمی پشتیوانیی حکومەتی و دەستپێڕاگەیشتنی سنووردار بە ڕاوێژکار و دەروون دەرمانی دەبێتە هۆی زیادبوونی گوشارە دەروونییەکان بۆ سەر ئەم منداڵانە. پێرانەگەیشتنی گونجاو بۆ ئەم قەیرانانە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی خۆکوژی لە نێو ئەم کۆمەڵە زیانبەرکەوتووەدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە