ڕاپۆرتێک لەسەر ژن کوژی/خۆکوشتنی دونیا فەرهادی قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ لە پاوە

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٥:٥٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

دوو ڕۆژ پێش هەواڵی ژن کوژی/خۆکوشتنی دونیا فەرهادی، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی نەوسوود لە لایەن هەنگاوەوە بڵاو کرایەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو زانیاری و وردەکاری نوێی سەبارەت بە خۆکوژیی ئەم قوتابییە دەستکەوتووە.

هەنگاو ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، دونیا فەرهادی، تەمەن ١٧ ساڵ، دوای هەڵاتنی لە قوتابخانە بەمەبەستی خۆکوژی چووەتە بینای چۆڵی بانکی کشاوەرزی لە نزیکی قوتابخانەکەی لە پاوە و دوای هاتن و بینینی هێزەکانی سوپای پاسداران، لە بیناکەوە خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە و بەهۆی بەرکەوتنی مێشکی هەر لەو کاتەدا گیانی لە دەست داوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، دونیا فەرهادی قوتابیی قوتابخانەی «ام المؤمنین عایشە» پاوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە هەوڵ و پێداگریی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە ناوی سووسەن ئەحمەدی، دەچووە قوتابخانە. بە وتەی یەکێک لە هاوڕێکانی دونیا فەرهادی، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دونیا فەرهادی لە لایەن باوکیەوە بە ناو سەرکەوت فەرهادی کە بیروباوەڕی ئیسلامی توندئاژۆی هەیە، بە توندی لێی دراوە و تەنانەت بەشێک لە پرچی تاشیوە تا بە بۆنەی ئەوەوە ناوبراو ناچار بە پۆشینی حیجابی زۆرەملێ بکات.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەم کچە گەنجە، باوکی دونیا تەنانەت دوای خۆکوشتنی کچەکەی ڕایگەیاندووە کە دونیا کافرە و هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی پرسەی بۆ ناوبراو بەڕێوە نەبردووە. سەرکەوت فەرهادی تەنانەت بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرامەکەی خۆی داوای لە خەڵک کردووە لە هیچ وێنەیەکی دونیا بڵاو نەکەنەوە. هەروەها هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە بنەماڵەی دایکی دونیا ڕۆژی یەکشەممە بە جیا ڕێوڕەسمی پرسەیان بۆ ناوبراو بەڕێوە بردووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبەر)، دوای ئەوەی کە دونیا درەنگتر ڕۆیشتبووە قوتابخانە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لێپرسینەوەی لە ناوبراو کردبوو کە دواتر دونیا لە قوتابخانە دەچێتە دەرەوە و بە مەبەستی خۆکوژیی چووەتە بینای چۆڵی بانکی کشاوەرزی، هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە مەبەستی پەیداکردنی ناوبراو پەیوەندی بە پاسگای سوپاوە دەگرێت، کە ڕێک لە بەرامبەر ئەو بینا چۆلەدایە و سێ کەس لە ئەندامانی سوپا بە ناوەکانی "خ.خ" ، "س. د" و "پ. ص" کە ناسناوی تەواویان لە دەستی هەنگاودایە، بەرەو بینای بانکی کشاوەرزی دەڕۆن و دونیا دوای بینینی ئەوان خۆی فڕێ داوەتەوە خوارەوە و گیانی لە دەست داوە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، دایک و باوکی دونیا جیا بوونەتەوە. دایکی دونیا خۆی قوربانی منداڵ هاوسەرییە و جیابوونەوەی ئاکامی ئەم منداڵ هاوسەرییەیە.

لە ئێران منداڵانی تەڵاق بەرەوڕووی کێشەگەلێکی زۆرن کە ئەتوانێ ئەو منداڵانە بەرەو قەیرانی دەروونی و تەنانەت خۆکوژی ببات. نەبوونی پاڵپەشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و جیا لەوەش کەشی نیزامی قوتابخانەکان بۆ ئەم منداڵانە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە هەست بە تەنیایی، لەخۆدوورخستنەوە و بێ پەنایی بکەن. لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەدا، ئەم منداڵانە ڕووبەڕووی کێشەی توندی بنەماڵەیی وەکوو ناکۆکیی دایک و باوک، گۆڕینی بەردەوامی شوێنی ژیان و نەبوونی سەقامگیری سۆزداری دەبنەوە.

هەروەها نەبوونی سیستەمی پشتیوانیی حکومەتی و دەستپێڕاگەیشتنی سنووردار بە ڕاوێژکار و دەروون دەرمانی دەبێتە هۆی زیادبوونی گوشارە دەروونییەکان بۆ سەر ئەم منداڵانە. پێرانەگەیشتنی گونجاو بۆ ئەم قەیرانانە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی خۆکوژی لە نێو ئەم کۆمەڵە زیانبەرکەوتووەدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە