میاندواو؛ خۆکوشتنی شیما ڕامێشک منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ و قوربانیی منداڵ هاوسەری

٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٤:٤٨

هەنگاو؛ هەینی ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

شیما ڕامێشک، منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ و قوربانیی منداڵ هاوسەریی خەڵکی بۆکان دوای ماوەیەک ناڕەزایەتی و گوشار بەهۆی هاوسەرگیریی زۆرەملێوە هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، شیما ڕامێشک، مێرمنداڵی قوربانیی منداڵ هاوسەری خەڵکی گوندی شێخلەری سەر بە شاری بۆکان لە ماڵە هاوبەشەکەی لەگەڵ هاوژینەکەیدا لە گوندی مەرجاناوێ سەر بە شاری میاندواو هەوڵی خۆکوشتنی دا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو منداڵە قوربانییە بە هەڵواسینی خۆی لە ماڵەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و دوای ٤٨ کاتژمێر، ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانان تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەرییەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

شایەنی باسە کە، شیما ڕامێشک لە تەمەنی ١٣ ساڵان بە گوشاری بنەماڵەکەی ناچار بە قبوڵکردنی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ هاوژینە گەورەساڵانەکەی بە ناوی مەنسوور جەگەن کرابوو.

پرسی هاوسەرگیریی منداڵان سەرەڕای دژایەتیی کۆمەڵایەتی و هەروەها یەکنەگرتنەوەی لەگەڵ بارودۆخی دەروونی و جەستەیی منداڵەکان بەردەوام لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی مافی مرۆڤیشەوە دژایەتی لەگەڵ کراوە. ئەو بابەتە بەهۆی دەستتێوەردانی مەزهەب لە باری کەسایەتیی تاکەکان و نەبوونی چاودێریی یاسایی لە ناوچە یان مەزهەبە جۆراوجۆرەکاندا، پێشێلکرانی زیاتری مافی ژنان و منداڵانی لێکەوتووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە