کوژران و بریندار بوون سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە سەوڵاوا

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ٠١:٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە، ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لانی کەم ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو، شەوی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە بەرزاییەکانی کوێستانی شاهۆ و نزیک گوندی "دێوەزناو"ی شاری سەوڵاوا، لە نێوان گەریلاکانی پژاک و هێزەکانی سوپای پاسداران پێکدادانێکی چەکداری هاتەئاراوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لەو پێکدانانە چەکدارییەدا، ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی محەممەد ئەحمەدپوور کوژراوە. هەروەها دوو ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بێ ئەوەی ئاماژە بە کات و شوێنی پێکدادانەکە بکات، کوژرانی ئەم ئەندامەی سوپای پاسدارانی پشتڕاست کردووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە