ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ١٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان
هەنگاو؛ شەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی دوو ئۆتۆمبێلی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری تەفتان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لانی کەم ١٠ کەس لە هێزە حکومەتییەکان کوژراون. ڕێکخراوی جەیشولعەدل بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، دوو ئۆتۆمبێلی هەڵگری هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوونەژوورەوەی ناوچەی گەوهەرکووهی شاری تەفتان هێرشیان کراوەتە سەر و لانی کەم ٦ کادر و ٤ سەربازی هێزە سەربازییەکان لەو دوو ئۆتۆمبێلەدا کوژراون و چەند کەسی دیکەشیان بریندار کراون.
چەند کاتژمێر دوای ئەو پێکدادانە، کاناڵی تێلێگرامیی ڕێکخراوی جەیشولعەدل بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی کورت بەرپرسیارێتیی ئەو تێکهەڵچوونەی گرتووەتە ئەستۆ و ڕایگەیاندووە کە دواتر زانیاریی زیاتر لەو بارەیەدا ڕادەگەیێنێت.
میدیا حکومەتییەکان ناسنامەی ئەو ١٠ کەسەی کە لەو پێکدادانەدا کوژراونیان بە عەلیڕەزا عەلیزادە خەڵکی شیراز، مەهدی پەرێشانی خەڵکی خومەینیشار، ساڵح نووربەخش حەبیب ئابادی خەڵکی ئیسفەهان، پوویا ساڵحی یەلمە عەلی ئابادی خەڵکی موبارەکە، ئیمان دەروێشی خەڵکی کەلالە، عەلیڕەزا ئاقاجانی ئەمیرهەندە خەڵکی لاهیجان، مەهدی خەمووشی خەڵکی متەوەلدی مەشهەد، نێعمەتەڵڵا نووری خەڵکی زابۆل، هادی زارع باغبیدی خەڵکی یەزد، پوویا ڕەحمەت تەڵەب زیابەری خەڵکی ڕەشت، ڕاگەیاندووە.