کوژرانی لانی کەم سێ هێزی چەکداری حکوومەت لە سەراوان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە شاری سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچێستان، لانی کەم سێ کەس لە هێزەکانی یەکەی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران. تا ئێستا هیچ گرووپێکی چەکدار بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٦ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، گرووپێکی چەکدار لە ناو شاری سەراوان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکەی تایبەت کردووە و لەنجامدا سێ کەس کوژراون.
ناسنامەی ئەو سێ هێزە چەکدارەی کە لەم تێکهەڵچوونەدا کوژراون بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە:
١. مەهدی نەسیری سەدە
٢. ئەحمەد شێخی
٣. محەممەدڕەزا شاقوزایی
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێزانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە کوژراون.
لەو پێوەندییەدا، میدیا حکوومەتییەکان لەوانە هەواڵدەریی "فارس" لە زاری ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە هەوڵەکان بۆ ناسینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تەقەکردنە دەستی پێکردووە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ گرووپ یان کەسێک بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.