ماشاڵڵا کەرەمی، باوکی دادخوازی کورد لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای زیاتر لە هەشت ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٥٩

هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ماشاڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەد مەهدی (کۆمار) کەرەمی، لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای هەشت ساڵ و دە مانگ بەندکران و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و پێبژاردنی بەسەردا سەپێندرا، ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا پێشتر سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ماشاڵڵا کەرەمی، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی نەزەرئاباد بە تۆمەتی «ڕەش کردنەوەی پارە» و «بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی» سزای هەشت ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران، یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن تمەن پێبژاردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ماشاڵڵا کەرەمی، بە بڕیاری دادگای شۆڕش، هەموو موڵک و ماڵی ناوبراو کە خانوویەک لە شاری تیکاب و ئۆتۆمبێلێکی جۆری دێنایە، لەلایەن حکوومەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

شایانی باسە، ماشەڵڵا کەرەمی پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەجەوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و دژایەتی»، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئەمنیەتی گشتی» سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

عەلی شەریفزادە، پارێزەری ماشاڵڵا کەرەمی لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، ئەو بابەتانەی باسی لێ کراوە لەسەر بەدەستهێنانی موڵک و ماڵێکە لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوانێکەوە بەدەست هاتبێت، ئەم ماڵ و ماڵەی ماشاڵڵا کەرەمیش هیچ پەیوندی بە تۆمەتی کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی نیزام نیە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، ئەم موڵک و ماڵە بە یارمەتی خەڵک کڕدراوە، ماشەڵای کەرەمی کرێکار بووە، خەڵکی خێرخواز بە نیەتی خێرەوە یارمەتیان داوە.

ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراویەوە. چەند ڕۆژ پێش ئەوەش، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و دوای پشکنینی ماڵەکە، ژمارەیەک لە کەلوپەلی تاکەکەسیی محەممەد مەهدی کەرەمییان لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دوای پشکنینی ماڵەکەی و زەوتکرانی مۆبایل و هەندێک کەلوپەلی دیکەی تاکەکەسی، دەستبەسەر کرا و لە ئەنجامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، گواسترایەوە.

محەممەد مەهدی (کۆمار) کەرمی، لاوی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ و تەمەن ٢١ ساڵ، لەگەڵ محەممەد حوسێنی، تۆمەتبارێکی سەرەکیی دیکەی ئەو دۆسیە بەناو "کوشتن"ی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، لە ئەندامانی بەسیج، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و دوای ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوون، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەسێدارە دران. ئەم دوو لاوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە