بریندار بوونی کۆڵبەرێک لە سنووری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٢:٢٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی عەبدوڵڵا مەعرووفی لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزایەکانی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندارکرا. ناوبراو سێ گوللەی بەرکەوتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری "سێ چۆمان"ی پیرانشار تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامی ئەم تەقە کردنەدا کۆڵبەرێک بەناوی عەبدوڵڵا مەعرووفی، خەڵکی گوندی "گەزگەسک"ی سەر بە شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بوو.

هەنگاو زانیویەتی کە، ئەم کۆڵبەرە بەبێ ئاگاداری پێشوەختە و بە چەکی کڵاشینکۆف کراوەتە ئامانج و سک و پێ و دەستی بە گوللەی ئەم هێزانە پێکراوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، عەبدوڵڵا مەعرووفی دوای پێکەوتنی گوللەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بۆ چارەسەری دەرمانی بۆ نەخۆشخانەی نوێی شاری پیرانشار (قاسم سولەیمانی) گواستراوەتەوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، عەبدوڵڵا مەعرووفی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە