سنووری نۆدشە؛ کوژرانی سوھەیل فیردەوسی کۆڵبەری تەمەن ١٨ ساڵ / لە کەمتر لە سێ حەفتەدا پێنج کۆڵبەر کوژراون

١ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٥:٠٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

کۆڵبەرێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی سووھەیل فیردەوسی خەڵکی گوندی «دزاوەر»ی سەر بە شارۆچکەی نەوسوود، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نۆدشەی سەر بە پارێزگای کرماشان کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢٣ی جولای ٢٠٢٦)، لە سنوورتی نۆدشە هێزەکانی هەنگی سنووریی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامی ئەم دەستڕێژەدا کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی سوهەیل فیردەوسی گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی هەنگی سنووریی جێگیر لە سنووری نۆدشە بێ ئاگاداری و هۆشداریی پێشوەختە، دەستەیەک لە کۆڵبەرانیان داوەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ کە لە ئەنجامدا سوهەیل فیردەوسیی لە بەشی سکییەوە فیشەکی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. تەرمی ئەم کۆڵبەرە گەنجە بۆ پزیشکی دادوەریی پاوا گواستراوەتەوە.

بەپشتپبەستن بە ئاماری تۆیمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە سێ حەوتووی ڕابردوودا لانی کەم ٥ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی نەوسوود (٢ حاڵەت)، سەوڵاوا، مەریوان و کۆتۆل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی ئێران کوژراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە