ئاودانان؛ دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٩ هاووڵاتی هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی عەلیڕەزا سەیدی لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم ٩ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەعید نادری، حوسێن بێهنامە، ئەبولفەزل دەربەندی، بێهزاد ئەکبەری، سەعید یاری، محەممەدئەمین نەزەری، یووسف خەتاوی، ئەدیب نەزەری و ئارمین پیرایی، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنە هەڕەمەکییەکان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی ئاودانان و سەراوڵە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، نۆ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی سەعید نادری تەمەن ٣٥ ساڵ، حوسێن بێهنامە تەمەن ٢٧ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی «هەزارانی»، ئەبولفەزل دەربەندی تەمەن ٢٠ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی «هەزارانی»، بێهزاد ئەکبەری تەمەن ٣٥ ساڵ، سەعید یاری، محەممەدئەمین نەزەری، یووسف خەتاوی تەمەن ٣٤ ساڵ، ئەدیب نەزەری و ئارمین پیرایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، ئەم دەستبەسەرکردنانە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی کوژرانی حکومەتیی عەلیڕەزا سەیدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی ئاودانان، ئەنجام دراون. لە کاتی ئەم ڕێوڕەسمەدا، هێزە حکومەتییەکان تەقەیان لە بەشداربووان کردووە و لە ئەنجامدا لانی کەم سێ کەس بریندار بوون. دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی ئەنجام دراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم بارەیەوە بێئەنجام ماوەتەوە.